نرخی زێڕ زۆر گران بووە 

زێڕینگرێك: واباشە كچان داواكاری زێڕ بۆ شووكردن كەم بكەنەوە

964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە بازاڕەكانی كوردستان، پرۆسەی هاوسەرگیری كەمكردووەتەوە، بە رادەیەك بازاری زێرینگرانیش چۆڵە و جەوەكەی خۆش نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17.7.2024 نرخی زێڕ لە بازاڕی كوردستان بەرزترین ئاستی تۆمار كرد و گەیشتە 520 هەزار بۆ هەر مسقاڵێك.

زوهێر جاسم توتنچی، كە ماوەی 30 ساڵە دوكانی زێرینگری هەیە، بۆ 964 وتی، “كاتێكی زۆر ناسكە و هەموو بۆنەكانی هاوسەرگیری و یادی لەدایكبوون و ئاهەنگی دەرچوونیش كەمبوونەتەوە، پێشتر نرخی زێڕ گونجاو بوو، ئەو كەسەی زێڕەكەی دەكڕی پارەش لەسەر قەرزار ببایەوە رەچاوی بارودۆخیمان دەكرد”.

بەسیڕ مەرعی بازرگانی زێرە، ئەو بۆ 964 وتی، “نرخی زێڕ ئێستا 520 هەزارە دینارە، ئەو كەسانەی هاوسەرگیریی دەكەن  وەك پێشتر نییە 40 مسقاڵ زێڕ بكرن، ئێستا توانای كڕینی 10 مسقالیان هەیە، ئەو نرخەی ئێستا 10 مسقال زێڕی پێدەكڕدرێت، پێشتر نرخی 30 مسقال بوو”.

سیهاد غازی، هاوڵاتییەكی هەولێرە و بۆ 964 وتی، “لە دوای 2018 زێڕ وردە وردە گران بووە و هاوسەرگیریی كەمبووەتەوە ، كاتێك من هاوسەرگیریم كرد، نرخی مسقالێك 350 هەزار دینار بوو، ئێستا زۆر زیاترە و بەرزیی ئەو نرخە هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیرییە”.

وریا مەلایاسین، كە ئەویش فرۆشیاری زێرە، بۆ 964 قسەی كرد و ئەویش پێی وایە، “زۆریی نرخی زێر پرۆسەی هاوسەرگیری بەرەو لاوازی بردووە”.
بە پێی پێشبینیی شارەزایانی ئابووری و بازاڕی زێڕ، هێشتا نرخەكەی بەرزدەبێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

یەک مسقاڵ زێڕ گەیشتە 510 هەزار دینار و کامێرای خاڵ بۆ خاڵ...

یەک مسقاڵ زێڕ گەیشتە 510 هەزار دینار و کامێرای خاڵ بۆ خاڵیش لە رێگەیەکی دیکە دادەنرێت