ئەمڕۆ کۆنسێرتى هەبوو
مۆزارتەکەی هەولێر؛ تەمەنی 12 ساڵە و هەڵەى مامۆستاکەشى راست دەکاتەوە
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر، کۆنسێرتێکی تایبەتی بۆ ئادەم محەمەد، بەهرەمەندی تەمەن 12 ساڵ ساز کرد، کە تێیدا ژمارەیەک شاکاری مۆسیقای جیهانی بە ئامێری پیانۆ ژەند.
غازی غەریب، مامۆستای پیانۆ بە 964ی وت، ئادەم لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە پەنجەکانی لەگەڵ پیانۆدا ئاشنا کردووە و ئێستا لێهاتووییەکی گەورەی هەیە کە تەواو جیاوازە لە کەسانی دیکە.
مامۆستاکەی ئادەم پێشبینی دەکات ئەم بەهرەمەندە بگاتە ئاستی مۆزارت و گەورەکانی دنیای مۆسیقا.
ئەو دەڵێت: “ئەوەی ئێستا ئادەم دەیکات، تەنانەت کەسێک دوای 9 ساڵ خوێندن لە پەیمانگا و کۆلێژ ناتوانێت بیکات، ئەو هێندە زیرەکە زۆرجار رەخنە لە منیش دەگرێت و شتەکانم بۆ راست دەکاتەوە”.
لای خۆیەوە، ئادەم محەمەد قسەی بۆ 964 کرد و وتی، هەموو رۆژێک مەشق دەکات و هەر ئەرکێکی مۆسیقای پێبسپێردرێت بێ کەموکوڕی جێبەجێی دەکات.
ئادەم پەیامێکی گەورەتر لە تەمەنی خۆی دەدات و دەڵێت: “ئەگەر خەونت هەبێت، ئەوا هەموو شتێک ئاسانە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح