گواستنەوە و دابەزاندن دەستپێدەکات

ئەوانەی لە قۆناغی یەکی زانکۆن سبەینێ دەتوانن بەشەکەیان بگۆڕن

964+
ئەحمەد مستەفا

بۆ ماوەی 15 رۆژ و بە ئەلیکترۆنی پڕۆسەی گواستنەوە و دابەزاندن بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە 964ی وت، “بە گواستنەوەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە رێنمایی پێویست بەردەست دەبێت”.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینى خوێندکارانی بۆ ساڵى نوێى خوێنـدنى (2024-2025) بەشێوەى ئەلیکترۆنى راگەیاند و سبەی دووشەممە 15.7.2024 بۆ 31.8.2024 بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14.7.2024، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “ئەم پڕۆسە بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان و دەیانەوێت بەشەکانیان بگۆڕن”. لەبارەی گواستنەوەی خوێندکاران لە زانکۆکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ئەو وتی، “سەرجەم وردەکارییەکان لە پڕۆسە ئەلیکترۆنییەکەدا ئاماژەی پێ کراوە”.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، “بە مەبەستى بەرچاوڕونى بۆ ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێت پرۆسەى گواستنەوە و دابەزاندن ئەنجام بدەن، كلیك لەسەر ئەم لینکە فێرکارییەى خوارەوە بكەن، دواتر دەست بکەن بە پرۆسەکە بۆ ئەوەى رووبەڕووى هەڵە نەبنەوە، لە هەمان کاتدا هەر خوێندکار و قوتابیەک پرسیار یان سەرنجێکى هەبێت، وێڕاى خوێندنەوەى دەقى رێنماییەکان، دەتوانێت پرسیارەکانى لە رێگەى لینکى هاوپێچ ئاراستەى تۆمارى هەریەک لە زانکۆکان بکات و وەڵام دەدرێتەوە”.

لینکی ئاماژە بۆ کراوە:  regayzanko.com

تێبینى:
1/ قوتابى و خوێندکار لە ناو ئەکاونتى تایبەتى خۆیەوە دەتوانێت لە ڕێگەى کورتەنامەوە گفتوگۆ لەگەڵ تۆمارى کۆلێژ یان تۆمارى گشتىی زانکۆکان بکات، بۆ هەر پرسیار و ڕوونکردنەوەیەک.
2/ ئەگەر قوتابی (یوزەرنەیم و پاسۆردى) نەبوو، یاخود لە یادى کردبێت، بۆ چوونە ناو سیستمى گواستنەوە و دابەزین، ئەوا بە ژمارەى تاقیکردنەوەى پۆلى دوانزەى ئامادەیی دەبات لە تۆمارى زانکۆکەى پرۆسەکە ئەنجام دەدات.
3/ بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین پێویست ناکات هیچ قوتابى و خوێندکارێک سەردانى وەزارەت بکات، چونکە پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنى ئەنجام دەدرێت.
4/ پێویستە لەو ماوەى دیارى کراوە، خوێندکاران و قوتابیان مامەڵەکانیان تەواو بکەن، چونکە لە دەرەوەى ئەم ماوەیە مامەڵەکەى جێبەجێ ناکرێت.
بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکەن: regayzanko.com