پڕیەتى لە گوڵ و گوڵزار
لە خەلیفان بەنزینخانەیەک رۆڵى نەمامگە دەبینێت
ئاکام غەفور- خەلیفان
زۆربەى خەڵکى کە دەچنە بەنزینخانەکان، بۆنى گاز و بەنزین و نەوت بێزاریان دەکەن، بەڵام دۆخەکە لە بەنزینخانەى کۆڕەک جیاوازە و لەوێ هەست بە بۆنى گوڵ و گوڵزار دەکەى.
بەنزینخانەکە لە شارۆچکەى خەلیفانە، بەهۆى بوونى سەدان جۆرى گوڵ و گوڵزار زۆربەى خەڵکى وادەزانن نەمامگەیە و دەچن سەوداو مامەڵەى گوڵ دەکەن.
بە وتەى عەبدوڵا حاجى موسا کە خاوەنى بەنزینخانەکەیە، 500 گوڵ و مەرکانەى لە بەنزینخانەکەدایە و رۆژانە لە شەشى بەیانییەوە خزمەتیان دەکات و ئاگاى لێیان دەبێت.
ئەو دەڵێت: مادام بە بۆنى گاز و بەنزین ژینگە پیس دەکەین، دەبێت بە گوڵ و گوڵزار قەرەبووى بکەینەوە.
“زۆرێک لە خەڵکى وادەزانن نەمامگەیە و دێن، بەڵام کاتێک دادەبەزن ئینجا دەزانن بەنزینخانەیە، هەر بەهۆى ئەو گوڵانەشە بازاڕى باشیان بۆ دروستبووە”، خاوەنەکەى واى وت.
پیداچوونەوە: وریا فەتاح