قسەی وتەبێژی حکومەتە
“بڕیاری خەرجکردنی موچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان درا”
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورردستان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، “ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیاری خەرجکردنی موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان درا”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.7.2024، پێشەوا هەورامانی ئەوەشی وتووە، “لە دوای پەیوەندی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان” بڕیارەکە دراوە.
لە دوێنێوە، دابەشکردنی موچەی مانگی شەش دەستی پێکردووە و بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ 16 وەزارەت و دەستە کاتی موچە وەرگرتنیان بوو، ئەوەی تا ئێستا وەریان نەگرتووە وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانن بۆ مانگی پێنج، وە هێزە ئەمنییەکانن کە مانگی پێنج و شەش یان بۆ خەرج نەکراوە.
رۆژی چوارشەممە 10.7.2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دواین کۆبوونەوەیدا رایگەیاند، “سەرەڕای ئەوەی کە لیستی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کراوە، بەڵام تا ئێستا موچەکانیان بۆ مانگی پێنج و شەش خەرجنەکردووە و داوای خەرجکردنی کرد”.