دوو ملیار و 422 ملیۆن دینارى تێدەچێت
دروستکردنی شەقامێکى 30 مەترى لە گەڕەکى ژینى دارەتوو دەستیپێکرد
964+
وریا فەتاح
بە گوژمەی دوو ملیار و 422 ملیۆن دینار پرۆژەی شەقامێكی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەكى لوولەیى لە دارەتوو دەستیپێکرد.
وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 8.7.2024، لەژێر چاودێریی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی بنەسڵاوە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی، بە گوژمەی 2 ملیار و 422 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 30 مەتری و ئاوەڕۆیەكی لوولەیی لە گەڕەکی ژینی دارەتووی پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.
لە لێدوانێکدا، ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار سەبارەت بە ناوەڕۆکى پڕۆژەکە رایگەیاند: درێژى پڕۆژەکە سێ کیلۆمەترە و گرفتی كۆبوونەوەی ئاو لە سنوورەكە چارەسەر دەكات و هاتوچۆی هاووڵاتییانیش زیاتر و باشتر دەكات.
لاى خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باسی لە گرنگی پرۆژەكە بۆ سنوورەكە كرد و داواى کرد وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هاوكاریانبن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێر.