تۆپباران و رووبەڕووبونەوە هەیە

گولـلە تۆپێک لە گوندى مژێى سنوورى دێرەلووک کەوتە خوارەوە

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

لە دوێنێوە نزیکەى 10 جار سنوورى هەردوو گوند مژێ و کەڤنەمژێى سەر بە ناحیەى دێرەلووک بۆردومانکراوە و ئەمڕۆش گولـلە تۆپێک لەناو گوندى مژێ کەوتە خوارە و ئاگرێکى گەورەى دروستکردووە، بەڵام زیانى گیانى نەبووە.

ئازاد هەمزۆ، موختاری گوندی مژێ بە 964ـى وت، دوو رۆژە شەڕێکى قورس لە سنوورى گوندەکەمان هەیە، دوێنێ بە فڕۆکە سنوورى گوندەکەمان بۆردومانکرا و ئەمڕۆش بە گولـلە تۆپ.

بەهۆى ئەو بۆردومانانەوە، ئاگرێکى گەورە لە رەز و باغ و دارستانى سنوورەکە کەوتووەتەوە، بەڵام وەک موختارى گوندى مژێ باسى دەکات، رێگەیان پێنەدراوە کۆنتڕۆڵى بکەن بۆیە زەرەر و زیانێکى زۆریان بەرکەوتووە.

“بەهۆى ئاگرەمەوە نزیکەى 100 رەز و باغى گوندنشینان سووتاوە و خۆم زیاتر لە 500 دار گوێز و ترێم سوتاوە”، ئازاد هەمزۆ واى وت.

لەشکرکێشییەکانى سوپاى تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکانى هەرێم واى کردووە ئێستا لە سنوورى ئامێدى و چیاى مەتینا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانى پەکەکە و سەربازانى سوپاى تورکیا دروست ببێ، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک گوند چۆڵیان کردووە و چەندین سەیرانگاش داخراون.

ئەنجومەنى گوندى مژێ ترسى خۆى بۆ رووخاندنى خانووەکانى گوندەکە پیشاندا، وەک دەڵێت: ئێستا گوندی مژێ و کەڤنە مژێ چۆڵکراون و بۆمان نییە برۆین بۆ گوندەکانمان، بەڵام ئەگەر وا بەردەوام بێت خانووەکانیشمان دەڕووخێنرێن و دەسووتێنرێن.

هەردوو گوندی مژێ و کەڤنە مژێ سەر بە ناحیەی دێرەلووکن و لە هەردوو گوندەکە نزیکەی 80 ماڵى لێیە، و ئێستا چۆڵکراون

لە ماوەى دوو رۆژى رابردوودا ئەوە دووەمجارە گولـلە تۆپ لەناو ماڵەکانى هەردوو گوندى مژێ و گوهەرزى دەکەوێتە خوارەوە.

بەپێى ئامارەکانى ئەو رێکخراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 30ـی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 76 جار بۆردومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و تەنیا لەم ساڵدا هەشت هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان بەخشیوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

گولـلە تۆپێک لە گوندى گوهەرزێ کەوتە خوارەوە

گولـلە تۆپێک لە گوندى گوهەرزێ کەوتە خوارەوە