زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە
جێبەجێکردنی داوایەکی دیکەی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن دەستیپێکرد
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە پێنجوێن دەستکرا، بە نۆژەنکردنەوەی “گڵۆپی ستوونە رووناککەرەوەکانی ناوەندی شەقامە سەرەکییەکانی پێنجوێن و هەردوو ناحیەیی گەرمک و ناڵپارێز”.
ژمارەی ستوونەکانی ناو سەنتەری قەزای پێنجوێن زیاتر لە 300 ستونە بە شەقامی سەرەکی و لاوەکییەکانەوە.
بەهادین عەبدوڵا بەڕێوەبەری هۆبەی چاککردنەوەی کارەبای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، “پێشتر بەڵێن بە خۆپیشاندەران درابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای پێنجوێن و دواتر دەرخستە کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ستوونە رووناککەرەوەکان و ئینارەکانی شەقامی سەرەکی پێنجوێن”.
وتیشی، “پڕۆژەکە بە گوژمەی 201 ملیۆن و 630 هەزار و 540 دیناری جێبەجێ دەکرێت”، لە پرۆژەکەدا کێبڵ و گڵۆپەکان دەگۆڕدرێت و تەنیا ستوونەکان ناگۆڕدرێن.
بەهادین عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش دا، “لە ئێستادا پڕۆژەکە تەنیا لە ناو قەزای پێنجوێندا دەبێت و دواتر لە پاکێجێکی دیکەدا دەچێتە ناحیەکانی ناڵپارێز و گەرمک و پڕۆژەکەش راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی جێبەجێ دەکرێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا