وەزارەتی تەندروستی لیژنەی پێکهێنا
بەدواداچوون بۆ پاشماوەی کۆرپەلە لەبارچووەکان دەکرێت
964+
پەروەر خۆشناو
دوای ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە پاشماوەیەکی زۆری کۆرپەلە لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی هەولێر فڕێدراوە وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە هاتەدەنگ.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.6.2024 وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە، بە هاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و داواکاری گشتی لیژنەیەکیان بۆ بەدواداچوونی فڕێدانی ئەو پاشماوەی کۆرپەلانە پێکهێناوە.
لە راگەیندراوەکەدا هاتووە، “بۆ بەدواداچوونی راستی و دروستی و هۆکار و ئاستی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی لە دیاردەی لە بارچوونی کۆرپە و هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ پاشماوەی لەبارچوون تایبەت بە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا دەکەن.”
سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارتی تەندروستی بە 964ـی وت،جارێ ناتوانن هیچ لەسەر ئەوبابەتە بڵێن، تەنیا ئەوەیە کە لیژنەیان پێکهێناوە و بەدواداچوونی جدی دەکەن و دواتر بۆ رای گشتی بڵاویدەکەنەوە.