ماڵێک سووتا
ئەمڕۆ لە هەولێر چوار ئاگر هەبووە
964+
وریا فەتاح
لە دووەم رۆژى جەژندا لە هەولێر چوار ئاگرکەوتنەوە هەبووە و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر لە گروپى تایبەتى خۆى لە واتساپ رایگەیاند، لە دووەم رۆژى جەژنى قورباندا چوار ئاگریان هەبووە و توانیویانە سێ لە ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.
بە وتەى شاخەوان سەعید، ئاگرى یەکەم لە قەبرەستانى جەمیل کاوانى بووە و کۆنتڕۆڵکراوە، لە قەتەویش شوقەیەک لە قاتى سێ ئاگرى گرتووە و کۆنتڕۆڵیان کردووە، ئاگرى سێیەم لە گەڕەکى بەهاى نوێ بووە کە ماڵێک سووتاوە و دواتر تیمەکانیان ئاگرەکەیا کۆنتڕۆڵکردووە.
لەبارەى ئاگرى چوارەمەوە کە تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، دەکەوێتە نێوان عەنکاوا و بەحرکە، وەک وتەبێژى بەرگرى شارستانى باسى دەکات، پوش و پەڵاشە و تیمەکانیان لەوێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى.
جەختیشى کردەوە، لە ئاگرەکاندا هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.