کەناڵی زووم:

نابینە بەشێک لە کڕین و فرۆشتنی سیاسی

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

کەناڵی ئاسمانیی زووم راگەیاندراوێکی لەبارەی دۆخی کەناڵەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەنها بە رادەستکردنەوەی ستۆدیۆ سەرەکییەکەی، گەڕاندنەوەی کەلوپەلە تاڵانکراوەکانی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەست بە کارەکانی دەکاتەوە، نەک بە پێشنیازی فرۆشتن و کردنی بە میدیای حزبی.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەدوای 13 مانگ ستۆدیۆی سەرەکی نەگەرێندراوەتەوە و هێشتا هێزی لێیە و زیانی ماددیش کە بەر کەناڵەکە کەوتووە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.

لە بەشێکی دیکەدا باس لەوە دەکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر پەڕە فەرمییەکانی کەناڵەکە و هەریەکە لە زووم نیوز، زوومی عەرەبی، زوومی بادینی و زوومی وەرزش هاککران و پاشان داخران.

دەقی راگەیاندراوەکەی کەناڵی ئاسمانی زووم:

راگەیەندراوێک لە کەناڵی ئاسمانیی زوومەوە

زیاتر لە 13 مانگە پەلاماری سەر نووسینگەی سەرەکیی کەناڵی ئاسمانیی زووم لە سلێمانی دراوە, کەلوپەلەکانی تاڵان کراون، ستۆدیۆکەی داگیرکراوە و تا ئێستاش هێزی چەکداری تێدایە, بەمەش زیانی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری پێگەیشتووە, چاوەڕێی چیمان دەکرد و چی کراوە؟

لەماوەی ئەم ساڵەدا، زووم نەوەستا و لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە بەردەوام بوو لە گەیاندنی پەیامەکانی، بەڵام بەرەبەیانی هەینی، هێرشێکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو کرایە سەر پەڕەکانی (زووم نیوز، زوومی عەرەبی، زوومی بادینی و زوومی وەرزش) هاککران و پاشان داخران.

لە هەفتەی یەکەمی دوای هێرشەکەی ساڵی 2025، بەڵێن بە بەڕێوەبەری زووم و سەنتەری میترۆ درا کە کەناڵەکەیان ڕادەست بکرێتەوە, دواتریش لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نزیکەی 20 ڕۆژنامەنووسدا، هەمان بەڵێن دووبارە کرایەوە، بەڵام تەنیا یەکێک لە نووسینگەکانی زووم ئەویش بە کەلوپەلی تێکدراو و شکاوەوە ڕادەستکرایەوە.

نووسینگەی سەرەکی هێشتا هێزی لێیە، زووم زیانی مادیی هەردوو نووسینگەکەی بە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.

ئێمە جەختدەکەینەوە، زووم تەنیا بە ڕادەستکردنەوەی ستۆدیۆ سەرەکییەکەی، گەڕاندنەوەی کەلوپەلە تاڵانکراوەکانی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەست بە کارەکانی دەکاتەوە، نەك بـە پێشنیازی فرۆشتن یان کردنی بە میدیای حزب” كە لەماوەی ساڵێکدا سێ جار خراوەتە بەردەم بەڕێوەبەری کەناڵەکە”.

ئەمڕۆ زووم نه ستۆدیۆی ماوە و نه بودجە، بەڵام
ئەوەی هەیەتی و هەرگیز ناکرێتە ئامرازی سەودا و مامەڵە، ئیرادەکەیەتی.

زووم ڕەتیدەکاتەوە ببێتە بەشێک لە کڕین و فرۆشتنی سیاسی.

ئەگەر لە پانتایی “ئازادترین شاری عێراق”دا هێشتا ڕووبەرێک بۆ میدیا مابێت، زووم دەیەوێت بەوپەڕی پیشەییبوونەوە درێژە بە کارەکانی بدات.

كەناڵی ئاسمانیی زووم نیوز