چوارقوڕنە… بەهۆی لێچوونی غازەوە ماڵێک سووتا

964+
مەجید بیتوێنی – راپەڕین

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە ماڵێگ گڕیگرت و بەشێکی سووتا بەهۆی لێچوونی غاز، بە قسەی بەرگری شارستانی راپەڕین.

عەلی قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964+ی وت، رووداوەکە لە گەڕەکی قەندیل بووە لە چوارقوڕنە، دوای ئاگادارکردنەوەیان، گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و کۆنترۆڵی ئاگرەکەیان کردووە.

بەپێی راپۆرتی تیمی بەرگری شارستانی، ھۆکاری روودانی ئاگرەکە یەکێک لە سویچ پلاکەکانی ماڵەکە شۆرتی کردووە ئاگرەکەی کەوتووە بەسەر بۆڕی غازدا، پاشان غازەکە گڕی گرتووە و تەشەنەی کردووە بۆ لای تانکی نەوتی ماڵەکە، ئەویش ئاگری گرتووە تەقیوەتەوە و ئاگرەکە گەورەتر بووە، بەهۆیەوە بەشێک لە ماڵەکە سووتاوە کە زیانەکان بە نزیکەی یەک ملیۆن ونیو تا دوو ملیۆن خەمڵێندراون.

بەختیار ئەمین، خاوەن ماڵەکە بە 964+ی وت “خۆشبەختانە کە ئاگرەکە کەوتەوە خێزانەکەمان چووبون بۆ میوانی”.

وتیشی، کاتێک خۆی لە مزگەوت گەڕاوەتەوە هەواڵی ئاگرکەوتنەوەکەی بیستووە، کاتێک گەیشتووەتەوە ماڵەوە، بینیویەتی کە ئاگری لێ بەرزبووەتەوە.

لە ماوەی 20 رۆژدا ئەمە بە دووەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە دادەنرێت بەهۆی لێچوونی غازەوە لە دەڤەری راپەڕین.

هەر ئەمڕۆش لە قەزای پشدەر بەهۆی شۆرتی کارەباوە کێڵگەیەکی پەلەوەری گڕی گرت و بەو هۆیەوە، 27 هەزار مریشک سووتان و مرداربوونەوە.