کەی چاکدەکرێتەوە

رەشەبا کارەبا و ئینتەرنێتی لە خورماتوو پچڕاند


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئێوارەی ئەمڕۆ رەشابایەکی بەهێز قەزای خورماتوی گرتەوە و بۆ ماوەی 20 خولەک بەردەوام بوو، بەم هۆیەوە چەندان زیانی بەدواوە بوو، زیانێکی زۆر بەر بازاڕی سەوزەفرۆشان گەیاند و چەند تاوه‌ری سەرەکیی کارەبای قەزاکەشی بەردایەوە، بەهۆیەوە تەواوی قەزاکە بێ کارەبا مایەوە.
فازڵ عەباس ئیمامه‌یلی، بەڕێوەبەری بەشی کارەبای خورماتوو بە 964ـی وت، “بەهۆی رەشەبای بەهێزەوە چوار تاوەری سەرەکی لە سنووری خورماتووی رووخاندووە و لەگەڵ کەوتنی ژمارەیەک کێبڵ لە ناو بەشێک لە گەڕەکەکان و ئەمەش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە تەواوی گەڕەکەکانی قەزاکەدا”.
وتیشی، “ئێستا شەش تیمی تایبەت سەرقاڵی چاککردنەوەین و تائێستا بەشێکی کارەکانیان تەواوکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە درەنگانێکی ئەمشەودا بە تەواوی چاک بکرێتەوە و کارەبا بگەڕێننەوە بۆ قەزاکە”.
بەڕێوەبەری بەشی کارەبا داوا لە هاوڵاتیانی قەزاکە دەکات خۆڕاگربن و لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەری کێشەکە دەکەن و دووبارە کارەبایان بۆ دەگەڕێننەوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا