کەمئاوى
40%ـى پارکى ئازادى مەترسى لەسەرە
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
بۆ ئەمساڵ پارکی ئازادی بە یەک دەریاچەوە پێ دەنێتە وەرزی هاوین و گەرماوە، بەڕێوەبەری پارکەکەش دەڵێت، شارەوانیان ئاگادار کردوەتەوە کە مەترسی لەسەر 40% پارکی ئازادی دروست دەبێت.
بەکر مستەفا، لێپرسراوی پارکی ئازادی بە 964ـى وت، دەست بە چاکردنی دەریاچەکەی ناو پارکی ئازادی دەکرێت، کە رابردوودا هەڵکەندرابوو بۆ ئەوەی قوڵ بکرێت و ئاوى زیاتر بگرێت و بۆ مەبەستى جوانى و ئاودێرى بەکارى بهێنن.
باسی لەوەکرد، هەوڵدەدەن لە وەرزی گەرمادا رێژەی سەوزایی پارکی ئازادی بپارێزن، شارەوانیان ئاگادار کردوەتەوە ئەمساڵ 40%ـى پارکی ئازادی مەترسی لەسەر سەوزاییەکەی هەیە، چونکە ئەو دەریاچەیە هیچ ئاوێکى تێدانییە و گرفتى کەمئاوى دروستبووە.
“پارکی ئازادی خاوەنی شەش بیر و دوو دەریاچەیە، چوار بیریان ئاوی باشی هەیە لەگەڵ یەک دەریاچە و دەریاچەکەی دیکە کارکردن تیادا دەست پێدەکات”، بەڕێوەبەرى پارکەکە واى وت.
ئاشکراشى کرد، لە رۆژێکی گەرمای هاویندا پارکی ئازادی پێویستی بە نزیکەی 500 مەتر سێجا ئاو دەبێت.
ڕوبەری پارکی ئازادی لە سلێمانی 176 دۆنمە و رۆژانە هاوڵاتیان بۆ بەسەر بردنی کاتەکانیان سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح