لە ناوبازاڕی تەقتەق

ئەو دوکاندارەی ئاوی دارەکانی دەدا سوپاسنامەی پێشکەش کرا


ئەحمەد مستەفا

سەرۆکایەتیی شارەوانی تەقتەق خەڵاتی سوپاس و پێزانین کرد بە دیاری بۆ فرۆشیارێکی پۆشاک لە ناو بازاڕی ناحیەکەی.

فرۆشیارەکە دوکانی پۆشاکی هەیە و ناوی ئازاد حەمەدئەمینە.

رۆژانە تیمەکان و خەڵک بینیوویانە، کە گرنگی زۆر بە پاکڕاگرتنی شەقامەکە و ئاودانی دار و درەختەکانی ناوەندی شەقامەکە و پاکڕاگرتنی دەوروبەری دوکانەکەی دەدات.

نەمر نیازی، سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.5.2024، بە 964ی وت، “بەهۆکاری پاک و خاوێنڕاگرتن و خزمەتکردنی دارودرەختەکانی دەوروبەری دوکانەکەی لە ناو بازاڕی گشتی، رێزمان لە خاوەنەکەی ناوە”.

سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، “سەرۆکایەتی شارەوانیی تەقتەق رێزلێنان دەبەخشێتە خاوەن دوکانێک کە لەپای ئەو خزمەتەی کردوویەتی بە دارودرەخت و دوورگەی ناوەندی، هیوادارین نموونەی زۆربێت و بەردەوام بێت، کە کارئاسانییەکی گەورە بووە بۆ تیمە خزمەتگوزارییەکانمان”.