دەستەی بانکی عێراقی پارکی شار نۆژەندەکاتەوە

+964

فەهمی نەبی-هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ 19ی کانونی دووەم، بۆ ماوەی 75 رۆژ، پارکی شاری بەردەم قەڵای هەولێر دابخرێت بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی، دەستەی بانکی عێراقیش ئەرکی نۆژەنکردنەوەی پارکەکە لە ئەستۆ گرتووه‌.

نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا، +964 هەواڵی نۆژەنکردنەوەی ئەو پارکەی بڵاوکردوەتەوە.

شوکور عەلی خان، بەڕێوەبەری پارکی شار دەڵێت، گۆڕانکاریەکان لە کاشیى، شوشەی راڕەوەکان، پەرژینی نافورەکان و فلتەری ئاوەکان ده‌كرێت و هەریەکیش لەو فلتەرانەی ئاو، کێشیان ته‌ن و نیوێکە.

بە وتەی شوکور، ئەو شوشانەی بۆ راڕەوەکان بەکاهاتووە، ژمارەیان 45 جامە، سەرجەمیان دەگۆڕدرێن. جگە لەوە روناکی بۆ زیاد دەکرێت، بەڵام هیچ بەشێکی دیزاینی پارکەکە ناگۆڕیت، وا بڕیارە بەڵێندەر بە 75 رۆژ تەواوی بکات.

پێشتر رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە  964+ی وتبوو، نۆژەنکردنەوەکە لەسەر سندوقی دەستەی بانکی عێراقی جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەشی وت “داوامان لە دەستەی بانکی عێراق کردووه‌، پارکی شارمان بۆ نۆژەنبکەنەوە، چونکە ئەو پارکە کۆن بووە”.

بەپێی زانیاریەکانی +964 سندوقی دەستەی بانکی عێراقی، بڕی 280 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوی ئەو پارکە تەرخانکردوە.

پارکی شار، پێشتر بازاڕی دەڵاڵخانە بووە، ساڵی 2009 دەستکراوە بە دروستکردنی و 2010 تەواوبووە.