دوێنی شەو چی روویدا؟
ئەمەریکا و ئێران وەک رۆژەکانی پێشوو هەم شیر و تیر لەیەک دەسوون
964+
ژووری هەواڵ
ئەمەریکاو ئێران وەک رۆژەکانی پێشوو هەم شیرو تیر لە یەک دەسوون و هەم خێرا خێرا وەفد بەڕێدەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک، لە عێراقیش هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە ئەنجامێک بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرەک وەزیران.
ئەگەر بە هەر هۆکارێک چاوتان لەسەر رووداوە گرنگەکانی چەند کاتژمێری رابردوو نەماوە، وەک هەموو رۆژێک 964 لێرە کورت و پوخت هەمووی دادەنێت.
📌 میدیاکانی ئێران، هەرێمی کوردستانیان تۆمەتبارکردبوو بەوەی چەند کەسێک لە هەرێمی کوردستان مەشقیان پێکراوەو لە ئێران دەستگیرکراون، حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوەو دەڵێ بێ بنەمان.
📌 هەر ئەو کات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد، بەڵام میدیاکان تەنیا ئەوەندەیان وتووە کە باسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان کردووە.
📌 مۆڵەتە دەستوورییەکەی عێراق بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران سبەی تەواو دەبێت، بەڵام تا ئێستا هێزە شیعەکان لەسەر کەسێک ساغ نەبوونەتەوە.
📌 دوێنێ کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ گەیشتنە ئەنجام کۆتایی هات و دەڵێن ئەمڕۆ شەممە کاندیدەکە دیاری دەکەین.
📌 ئەمەریکا 10 ملیۆن دۆلاری دیارکرد بۆ هەر کەسێک زانیاری لەبارەی ئەبو ئـ*ـا.لا و*ەلا*ئی سەرکردەی کەتیبەکانی سەید شوهەدا دا بدات، بەڵام و*ەلا*ئی دوێنێ لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دانیشتبوو.
📌 ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە ماوەیەک لەمەوبەر تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات بووەو دوای وەرگرتنی چارەسەر چاکبووەتەوە.
📌 ناتەنیاهۆ دەڵێ دوو مانگێک پێش ئێستا راپۆرتە پزیشکییەکەی ئامادە بووە، بەڵام بەهۆی شەڕەکەی ئێرانەوە نەیهێشتووە بڵاوببێتەوە.
📌 لە راپۆرتی پزیشکی ناتەنیاهۆدا هاتووە: نەخۆشخانەیەکی قودس بە لەیزەر چارەسەری بۆ کراوە، پێشتر لە 2023 ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵی بۆ داندراوەو ساڵی 2024 نەشتەرگەری فتقی بۆ کراوە.
📌 پەیوەست بە شەڕەکەی ئەمەریکا و ئێران، هەردوولا بە نیازن لە پاکستان کۆببنەوە، وەفدی ئێران لەوێیە، بەڵام هێشتا ئەوەی ئەمەریکا نەگەیشتووە.
📌 لە لای ئێرانەوە عەباس عێراقچی ناوی دیاری وەفدەکەیە، لەلای ئەمەریکاوە ویتکۆف و کۆشنەر قسەی ئەمەریکا دەبەن.
📌 نە قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و نە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمجارە لە کۆبوونەوەکاندا نابن.
📌 میدیا ئەمەریکییەکان دەڵێن: نەچوونی جەی دی ڤانس لەبەر ئەوەیە هاوتاکەی نەچووە، هەروەها ئەگەر جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەوێ نەبێت، ئەمەریکا لە رووی میدیاییەوە باشتر دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ دانوستانەکان بکات لە ئەگەری شکست هێنانی.
📌 لایەنی ئەمەریکی دەڵێت وەفدەکەیان بۆ دانوستان دەچنە ئیسلام ئاباد، بەڵام ئێرانییەکان دەڵێن عێراقچی بۆ قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان لەوێیە نەک بۆ کۆبوونەوەو دانوستان.
📌 ئاژانسی دەنگوباسی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران: هیچ گفتوگۆو دانوستانێک لەگەڵ ئەمەریکا ناکرێت.
📌 ئاکسیۆس: رۆژی دووشەممە ئەمەریکا و ئێران لە پاکستان کۆدەبەنەوە.
📌 کەناڵی 12ی ئیسرائیل: حکومەتی ئیسرائیل داوایکردووە ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران هەڵنەگرێت.
📌 رۆژنامەی واشتنتن پۆست: بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆشنەرو ویتکۆف مەرجەکانی ئیسرائیل لەم گەڕەی دانوستاندا جێ دەکەنەوە.
📌 سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی لە پەرلەمانی ئێران: دۆسێی پرۆگرامە ئەتۆمییەکە لای ئێران هێڵی سوورەو بە هیچ شێوازێک دانوستانی لەسەر ناکرێت.
📌 فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا (سینتکۆم): بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیان ساڵدا سێ کەشتی فڕۆکە هەڵگری جێراڵد فۆرد و ئەبراهام لینکۆڵن و یو ئێس ئێس جۆرج بوش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەتەوە.
📌 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا: بڕی 344 ملیۆن دۆلاری ئێرانمان بلۆککرد، ئەم پارەیە لە شێوەی دراوی ئەلکترۆنیدا بوون لە ناو چەند والێتێک کە گرێدرابوون بە ئێرانەوە.
📌 وەزارەتی تەندروستی لوبنان: لە رۆژی 2ی ئازار هەتا 24ی نیسان، بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 2491 کەس کوژراون و 7719 کەس بریندار بوون.
📌 ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە بارەی ئەو سەماو گۆرانییەی لە کاتی کردنەوەی هۆڵی وەرزشی فەیحا پێشکەش کران دەڵێت: تووشی سەپرایز بووم لە هەندێ بڕگەی دوور لە داب و نەریتی ئێمە، فەرمانم داوە ئەوە دووبارە نەبێتەوە.