دیمەنی هاوڵاتییەکی ئێرانی لە کاتی دەنگداندا لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی ئێران. وێنە: X
پێشنیاری کاتەکە کراوە
کەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران ئەنجامدەدرێت؟
بەهرە محەمەدئەمین
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاندووە، لەلایەن ئەوانەوە هیچ وردەکارییەک دەربارەی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ میدیاکان رانەگەیەندراوە، تەنیا کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کاتێکی بۆ ئەنجومەنی شورا پێشنیار کردووە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ئەم هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران وتوویەتی، هەر شتێک لەمبارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان میدیاکاندا بڵاوکرابێتەوە، راست نییە، دەبێت چاوەڕێی بۆچوونی ئەنجومەنی شورا و راگەیەندنی فەرمی دەزگای هەڵبژاردنی وڵات بین.
بە پێی سەرچاوەکە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن رۆژی 28ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی 14ی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ئەنجومەنی شورا پێشنیار کردووە و چاوەڕێی وەڵامن.
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وتویەتی، لەسەر بنەمای ئەم پێشنیارە کاتی ناونووسین بۆ کاندیدەکان سێشەممەی داهاتوو 28ی ئایار دەبێت.
بەهۆی کەوتنی هێلیکۆپتەرەکەیەوە، دوێنێ سەرۆک کۆماری ئێران و چەند بەرپرسێکی یاوەری گیانیان لەدەست دا، بە پێی دەستوور، ئێران دەبێت لە ماوەی 50 رۆژدا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت.