دوو وەزارەت ئەم کارەیان کردووە
بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی بەسترایەوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت لەگەڵ وەزارەتی کارەبا توانیویانە بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ببەستنەوە و ئەمەشی بە پرۆژەیەكی گرنگی ستراتیژی بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا باسکردووە.
بەپێی راگەیەندراوێک، تیمە تەكنیكییەكانی هەردوو وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی هەردوو كۆمپانیای كار و داناگاز لە ماوەی شەش کاتژمێردا توانیویان بە سەركەوتوویی بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ببەستنەوە.
دەشڵێت، وەزارەتی كارەبا بە پشتبەستن بە وێستگەكانی دیكەی كارەبا نەیهێشت لەكاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەكە و راگرتنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی سلێمانی، كاریگەرییەکی ئەوتۆ بكاتە سەر ماوەكانی پێدانی كارەبا و بەهۆی ئەم پرۆژەیەشەوە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی كارەبای سلێمانی زیاد دەکرێت.