تەمەنى 18 ساڵە
لە پێنجوێن باوکێک کچەکەی خۆی کوشت
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
ئەم بەیانییە لە پێنجوێن باوکێک کچە تەمەن 18 ساڵانەکەی خۆی بە چەقۆ کوشتووە، بە وتەى پۆلیسى سلێمانى باوکەکە داخى رووداوێکى لەدڵدا بووە بۆیە ئەو تاوانەى کردووە.
رووداوەکە کاتژمێر 6:00ـى بەیانى ئەمڕۆ دوشەممە 20.5.2024، روویداوە و باوکەکەش بە تۆمەتى کوشتنى دەستگیرکراوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەسەر رووداوەکە بە 964ـى راگەیاند، رووداوەکە بەیانى ئەمڕۆ روویداوە و هۆکارەکەش کێشەی کۆمەڵایەتییە بووە و دۆسییەکەش بۆ ساڵێک پێش ئیستا دەگەڕێتەوە.
بە وتەى سەرکەوت ئەحمەد، ساڵێک لەمەوبەر کچەکە لەگەڵ کوڕێک رایکردووە بۆ هەولێر، بەڵام دواتر کچەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ پێنجوێن و بە بڕیارى دادوەر کچەکە دراوە بە باپیرى، باپیریشى دواى ساڵێک ئەم بەیانییە کچەکەى رادەستى باوکى کردووەتەوە، بەڵام باوکەکە بە چوار چەقۆ کچەکەى کوشتووە.
سەرکەوت ئەحمەد جەختى لەوە کردووە، تەمەنى 53 ساڵە و داخى ئەو رووداوەى لە دڵداماوە و بە چەقۆ کوشتوویەتى.
ئاشکراشى کرد، دواى کوشتنى کچەکەى، باوکەکە رایکردووە، بەڵام لە بازگەى ئاسایشى پێنجوێن دەستگیرکراوە و رادەستى پۆلیس کراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
ئەوەشی خستەروو، کچەکە تەمەنی 18 ساڵان بووە و تا پۆلى پێنجى سەرەتایى خوێندویەتى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح