پاڵاوتنەکان لە سلێمانی بوو
دوو یاریزان لە کوردستانەوە گەیشتنە ئۆڵمپیادی پاریس
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای سێ رۆژ لە ئەنجامدانی پاڵاوتنەكانی تۆپی سەرمێزی رۆژئاوای ئاسیا لە سلێمانی بۆ ئۆڵمپیادی پاریس، هەڵبژاردەی براوە دەستنیشان كرا، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێراقیش دەڵێت، “یەكەمین جارە ئەم پاڵەوانیەتییە لە عێراق ئەنجام بدرێت”.
هەردە رەئووف، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێراق بە 964ی وت، “یەكەمین جارە پاڵاوتنەكانی تۆپی سەرمێزی رۆژئاوای ئاسیا لە عێراق و بە تایبەت لە سلێمانی ئەنجام بدرێت، سەركەوتنی پاڵەوانیەتییەكە لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ هاوكاری سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم، كە پاڵپشتی و ئاسانكاری باشیان بۆ ئەنجامدانی رەخساند”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەنجامدانی پاڵەوانیەتییەکە لە سلێمانی، گرنگی خۆی هەبوو، هۆكارێكیشە بۆ ناساندنی كولتووری ئەم شارە و هەرێمی كوردستانیش، نیشاندانی ئەوەشە ئێمەش وەك وڵاتانی دیكە لە تواناماندایە ئەم جۆرە پاڵەوانیەتییانە بەڕێوەببەین”.
دوای تەواوبوونی رکابەرییەکان، کە یاریزانانی 12 وڵاتی رۆژئاوای ئاسیا بەشداربوون، تەنیا یاریزانێكی كچ و یاریزانێكی دیكەی كوڕ هەڵبژێردران، لە كوڕان یاریزانی هەڵبژاردەی ئوردەن زەید ئەبویەمەن و لە كچانیش ،ماریانای یاریزانی هەڵبژاردەی لوبنان بلیتی سەركەوتنیان بۆ ئۆڵمپیادی پاریس بەدەستهێنا .
بڕیارە لە کۆتایی مانگی حەوتی 2024 ئۆڵمپیادی هاوینەی پاریس دەستپێبکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا