تیمێک لە بەرگری شارستانی هەولێر لە کۆمەڵگەی شاخۆڵان جێگیر کرا _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
نزیکترن لە دەغڵ و دانی جوتیاران
بەرگری شارستانی هەولێر تیمێکی ناردە کۆمەڵگەی شاخۆڵان
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
بۆ زیاتر ئامادەباشی و کۆنترۆڵکردنی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا، ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024، تیمێکی بەرگری شارستانی لە کۆمەڵگای شاخۆڵان- ی هەولێر جێگیرکرا.
تیمەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی وت، “هەموو ساڵێک لەم کاتەدا، تیمە گەڕۆکەکانمان زیاد دەکەین، چونکە حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەبێت، بەراورد بە کاتەکانی دیکە”، ئەو پڕۆسەیە لە 15.5.2024 تاوەکو 15.7.2024 دەخایەنێت، تایبەت گەنمێکی زۆری جوتیاران لە دەشتەکاندان و نەدوراونەتەوە.
بە قسەی وتەبێژی بەرگری شارستانی، “تیمەکە، جگە لە کۆمەڵگەی شاخۆڵان، دانیشتووانی هەریەک لە گوندەکانی، مەموندان، سەرکەوری هەرکی، قورەبەگ، پەیوەندی بە تیمەکەوە بکەن، ئەگەر دۆخی لە ناکاوی ئاگرکەوتنەوەیان بۆ دروست بوو”.
کۆمەڵگەی شاخۆڵان سەر بە ناحیەی بەحرکەیە لە پارێزگای هەولێر، سنوورێکی فراوانی بە دەغڵ و دانی جوتیاران چێندراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا