دوایین گیاى به‌هارییه‌

هنگەدان، ئەو گیایەی دهۆکییەکان بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاری دەهێنن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

چەند رۆژێکە گیایی بەهاری دەرکەوتووە، خه‌ڵكی دهۆك له‌بازاڕه‌كانى ده‌وره‌ى لێ ده‌ده‌ن، به‌شێكیان نازانن چ گیایێكه‌، به‌شێكیشیان كه‌ ده‌یناسن بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌كانیان ده‌یكڕن و به‌كارى ده‌هێنن.

گیایه‌كه‌ ناوى (هنگەدان) له‌سنوورى ناوچه‌كانى دوسکیان، بەرواریان و ناوچەکانی شێلادزێ لە شوێنه‌ سەخته‌كانی شاخدا ده‌رده‌كه‌ون، بۆنێکی ناخۆشی هەیە و له‌ تامیشدا تفتە، بەڵام ده‌ڵێن بۆ هه‌ندێك نه‌خۆشیش بە سوود و چاره‌سه‌ره‌، به‌تایبه‌تیش هه‌ر كۆندا بۆ نەخۆشیەکانی گەدە، کولون، وەرەمی جەستە و نەخۆشی شەکر، به‌كارهێندراوه‌.

ئێستا ئه‌و گیایه‌ كیلۆى به‌ حەوت هەزار دیناره‌ و كابانه‌ دهۆكییه‌كانیش دوو جۆر خواردنى پێ دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش شۆربا و لەناو برنجیشدا دەیکوڵێنن و به‌شێكیشیان ته‌نیا به‌ كوڵاندن زه‌ردی ده‌كه‌ن و ده‌یخۆن.

حەمید دوسکی خاوەنی دوکانێکی فروشتی گیای بەهاریە لە دهۆک بە 964ـى وت، چەند رۆژێکە ئه‌م گیایه‌ى بۆ هاتووه‌ و ده‌یفرۆشێت، هاوڵاتیانیش دەیکڕن.

وتیشی “بۆیه‌ نرخه‌كه‌ى گرانه‌ چونكه‌ ئه‌م گیایه‌ له‌ شوێنه‌ سه‌خته‌كان ده‌هێندرێت و به‌ئاسانى ده‌ست ناكه‌وێت”.

به‌قسه‌ى ئه‌م دوكانداره‌ گیایەکە جگه‌ له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ چه‌ند خواردنێك به‌كارده‌هێندرێت، هه‌شیانه‌ وشكی ده‌كاته‌وه‌ و له‌كاتى پێویست بۆ نەخۆشی بەکارى  دەهێنێت.

964 دەزانێت، هنگەدان دەبێتە کۆتا گیای بەهاری، كه‌ بێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، چونکە به‌هاتنى وه‌رزى هاوین گیای بەهاره‌ش كۆتایی پێدێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گیا بەهارییەکان شێخەڵای هەولێریان تەنیوە

گیا بەهارییەکان شێخەڵای هەولێریان تەنیوە