بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی. فۆتۆ: 964
بۆ نەخۆشخانەی ئەڵمانی
لە سلێمانی 100 کارمەندی تەندروستی دادەمەزرێن
ژووری هەواڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە بۆ دامەزراندنی کارمەندی پێویست بۆ نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە سلێمانی، وەزیری تەندروستیش دەڵێت، 200 کارمەندی دیکەش بۆ هەولێر و دهۆک دادەمەزرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.5.2024، دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەگوێرەی ساڵی خزمەت و خۆبەخشی، 100 کارمەند کە سیڤیان ناردووە دادەمەزرێن و رەزامەندی وەرگیراوە.
نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە سلێمانی، لەلایەن رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەسەر رووبەری 10 ھەزار مەتر دووجا دامەزراوە و ئەم بەشانە لەخۆ دەگرێت: چاودێری چڕ، تاقیگە، قاوش، سۆنەر، تیشک و ستی سکان.
رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی دوو نەخۆشخانەی دیکەی لە هەولێر و دهۆک دروستکردووە، بە وتەی وەزیری تەندروستی، 200 کارمەندی دیکەش بۆ ئەو دوو نەخۆشخانەیە دادەمەزرێندرێن.