ماوەی 12 ساڵە بە ئاسن وێنەی کەسایەتییە دیارەکان و شاعیران دروستدەکات
وێنەی کەسایەتییەکان بە ئاسن دەکێشێت
رازاو محەمەد – سلێمانی
لە شاری سلێمانی، ئاسنگەرێک ماوەی 50 ساڵ زیاترە ئاسنگەری دەكات و بە بەکارهێنانی ئاسن و کەرەستەی پیشەسازی، وێنەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی و هونەرییەکان دروستدەکات، توانیویەتی سەرنجی خەڵکێکی زۆر بۆ خۆی رابکێشێت، فواد عوسمان دەڵێت: “کاری من تەنیا ئاسنگەری نییە، بەڵکو دروستکردنی تابلۆی هونەرییە بە شێوازێکی جیاواز.”
فواد عوسمان، ئاسنگەرەکەیە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، لە ساڵی 2012وە لە ئاسن وێنە دروست دەکەمەوە، رۆژانە بەپێی ویست و داواکاری، وێنەی کەسایەتییە جیاوازەکان وەک شاعیران و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاسن دروستدەکەم و بۆ هەر تابلۆیەک وێنەیەکی جیاوازم هەیە و ئەمە تەنیا پیشەم نییە، بەڵکو ئارەزوویەکی تایبەتییە کە کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەم.
وتیشی، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک داوای لێ نەکردووم تابلۆکانم لە شوێنە گشتییەکان دابنێم، بەڵام ئامادەم ئەگەر دەرفەت هەبێت بەرهەمەکانم لە شوێنی شیاودا نمایش بکەم.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر