ماڵە رووخاوەکەی گەڕەکی کازیوە دروستناکرێتەوە
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
ماڵە رووخاوەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی دروستناکرێتەوە، خاوەنەکەی دەڵێت چاومان بەرایی نادات لەو گەڕەکە بژین و لە شوێنی دیکە خانوی دیکەیان بۆ دروستدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، حاجی مەزهەر، خاوەنی ئەو ماڵەی کە لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی بەهۆی تەقینەوەی غاز تەختی زەوی بوو، سەردانی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان کرد و بە قسەی خۆیان لەلایەن بافڵ تەڵەبانی قەرەبوو دەکرێنەوە.
“لەسەر داوای خۆم ئەو شوێنە ناکەمەوە بە خانوو، لە شوێنی دیکە هەموو شتێکیان بۆ کردووین “حاجی مەزهەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وای وت.
جگە لە قەرەبووی خانووەکە، کوڕەکان و زاواکانی حاجی مەزهەر قەرەبووی ئەو پێنج ئۆتۆمبێلەیان پێدەدرێت کە لە تەقینەوەکەدا تێکشکان.
لەگەڵ داڕمانی خانووەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، ژمارەیەک خانووی دیکەی دراوسێی بەرکەوتن و بەشێکیان داڕما، بە وتەی کەسوکاری حاجی مەزهەر، دراوسێکانیشیان قەرەبوو کراونەتەوە.
رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2022، بەھۆی تەقینەوەی تانکی غاز لەناو ماڵی حاجی مەزهەر، 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسیش بەھەمان ھۆکار برینداربوون.