21 ساڵە رەشەبای وا بەهێز رووینەداوە
بەهێزترین جۆری رەشەبا لە خۆرەوە گەیشتە سەر زەوی
964+
ئەحمەد عەبدوڵا
لوقمان حەوێز، فەلەکناسی بەناوبانگی کورد دەڵێت، چەند رۆژێک پێش ئێستا لە پەڵەیەکی خۆر رەشەبایەکی بەهێز بە پلەی 5G روویداوە کە بەهێزترین جۆری رەشەبایە و لە دوێنێ شەوەوە کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە سەر زەوی تا 40 کاتژمێر بەردەوام دەبێت.
رەشەباکە کاریگەری لەسەر تۆڕەکانی کارەبا دەبێت لەو وڵات و ناوچانەی نزیک جەمسەری باکوورن و ئەو سەتەلایتانە لە کار دەخات کە لە خولگە بەرزەکانن و بە زرێپۆشی تایبەت نەپارێزراون.
ئەو شەپۆلەی ئەمجارەی خۆر بەهۆی بەهێزییەکەی جگە لە ناوچە جەمسەرییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی شەفەقی جەمسەری لە باکووری ئەمریکا و ناوەراستی ئەوروپاش کە بەشێوەی درەوشانەوەی رەنگی سور و سەوز و زەردباو لە ئاسمان دەبینرێت.
لوقمان حەوێز لەبارەی مەترسییەکانی دەڵێت، ئەو رەشەبایانە بەدەگمەن بەر زەوی دەکەون چونکە بۆشایی ئاسمان زۆر فراوانە بۆیە زۆربەیان بە ئاڕاستەی تر دەڕۆن و بەرەو هەسارەی زەوی نایەن و ئەگەریش بە لاوازی بگەنە زەوی بەهۆی بواری موگناتیسی زەوییەوە بەلارێدا دەبرێن و تەنیا دەبنە هۆی دروستبوونی شەفەقی جەمسەری.