وەزارەتی دارایی بەپەلە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

بانكی TBI به‌شداریی له‌ به‌بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بانكی بازرگانیی عێراق ناسراو به‌ TBI رایگه‌یاند، له‌ پرۆسه‌ی به‌بانكیكردنی “تەوتین” موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی ده‌كات له‌سه‌ر بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق.

بانكه‌كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7.5.2024 راگه‌یاندراوێكی  رۆژنامه‌وانی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، “بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکەکە لە پرۆسەی به‌ بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەفدێکی تایبەتمەند لە بانکی بازرگانیی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێر لەگەڵ شاندێکی تایبەتمەند لە حکومەتی هەرێم لە پارێزگای هەولێر سەبارەت بە میکانیزمی به‌بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکەکە کۆبوونەوە، لە ماوەیی كۆبوونەوەكه‌دا پێداویستییەکانی پرۆسەی کردنەوەی ئەکاونت، دەرکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکی (ATM) لە سەرتاسەری هەرێم بۆ داپۆشینی پرۆسەی دەرهێنانی پارە بۆ کارمەندان قسه‌وباسی لێكرا”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌، “شاندی بانکەکەمان بۆ شاندی پەیوەندیدار روونی کردەوە کە پڕۆسەی به‌بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ و خۆی راستەوخۆ چاودێریی كاره‌كان ده‌كات”.

“لە کۆتاییدا شاندی بانکی بازرگانی عێراقی ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری به‌بانیكردنی (تەوتین) موچە و پێدانی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بانکەکە چاوەڕێی حکومەتی هەرێم دەکات بۆ ناردنی لیستی ناوەکان لە فەرمانبەران کە موچەکانیان لەگەڵیدا جێگیر كرابێت و به‌ڵگه‌نامه‌ی پشتگیری له‌گه‌ڵیدا هاوپێچ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسەی به‌بانكیكردنه‌كه‌ دەستپێبکات”، بانكی بازرگانیی عێراق له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ وایان وتووه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌ی هه‌یه‌
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی بانكی بازرگانیی عێراق باسی هه‌ژماری منی نه‌كردووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكی به‌په‌له‌دا ده‌ڵێت، بانكی بازرگانیی عێراق وه‌ك حه‌وته‌مین بانك به‌شداریی “هه‌ژماری من” ده‌كات.
ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌یه‌:

*بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە (هەژماری من ) دەکات*
بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا.
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق.
ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییە و ئەو سوودانەی کە لەم ڕێگەیەوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگات.

دوو پەرلەمانتاری عێراق بۆ 964: هێشتا

دوو پەرلەمانتاری عێراق بۆ 964: هێشتا "هەژماری من" دانی پێدانەنراوە

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ی هه‌ژماری منی راگه‌یاندووه‌ و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌ رێگه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌ موچه‌كانیان به‌ بانكی بكرێت.
موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌ و دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی رابردوو دوو موچه‌ی مانگه‌كانی دوو و سێی 2024 دابه‌ش كرا، موچه‌ی مانگی چوار كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌ و هێشتا دابه‌ش نه‌كراوه‌ و حكومه‌تی عێراق پاره‌ی نه‌ناردووه‌.

"هەفتەى داهاتوو موچەى مانگى چوار دێت"