شارەوانی سلێمانی:

“ئەنجامدانی قوربانی و کاری ئاژەڵداری لە شەقام و گەڕەکەکان قەدەغەیە”

شۆڕش قادری

شارەوانی سلێمانی ئەنجامدانی قوربانی و کاری ئاژەڵداری لە شەقام و گەڕەکەکان قەدەغە کرد و داواش لە مامۆستایانی ئایینی دەکات، هەڵمەتێکی هۆشیاری بۆ ئەو مەبەستە دەستپێبکەن.

شارەوانی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “ساڵانە لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان، بەشێک لە هاوڵاتیان دەست بە ئەنجامدانی کاری قوربانیکردن دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە، رایدەگەیەنین، ئەنجامدانی قوربانی پێویستە لە کوشتارگەکاندا بکرێت و کاری ئاژەڵداریش لە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان، بەپێچەوانەوە لەسەر شەقام و گەڕەک و ناو ماڵاندا رێگەپێدراو نییە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.”

شارەوانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانی ئایینی دەکات، بەشداری هەڵمەتێکی هۆشیاریی بکەن لەسەر ئەم بابەتە و هانی خێرەومەندان بدەن کە پابەندبن بە رێنماییەکانی شارەوانی و قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری سلێمانی، تاوەکو لە كوشتارگەكان ئاژەڵەكانیان بۆ قوربانیكردن ئامادە بکەن.

لە هەمانکاتدا خاوێنی شۆستە و شەقامەکان رابگرن و سەرپێچی رێنماییەکان مەکەن، چونکە بەو کارە دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی و شێواندنی ژینگە و پیسکردنی شۆستە و شەقامەکان، ئەمەش هەر داواکاری شارەوانییە.

لە رۆژانی جەژنیشدا، تیمەکانیان لە بەشی خزمەتگوزاریی و زیادەڕەویی بە هاوکاری لیژنە هاوبەشەکان لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی خاوێنی و تەندروستی هاوڵاتیان.