قایمقام: بەبێ کەموکوڕی بەنداوەکە وەردەگرین

بەنداوی دێوانە پێش ئەوەی رادەستی حکومەت بکرێ هەڵوەشاوە


ئەحمەد مستەفا

بەنداوی دێوانە، کە بەیەکێک لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت دادەنرێ، لە 2010 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە و کارکردن لە پڕۆژەكەدا پێنج جار بە هۆكاری جیاواز وەستاوە.

تائێستاش کە رادەستی حکومەت نەکراوە، تازە بە تازە، بەشێک لە کۆنکرێتی تێپەڕبوونی دەرچەی سەرڕێژەکان هەڵوەشاوە و هەندێک لە راگیرەکان بەبێ بوونی برغو جێهێڵدراون، ئەوەش بەپێی ئەو وێنانەی 964 دەستیکەوتووە و ساغی کردوونەتەوە.

بەنداوی دێوانە، دەکەوێتە باشووری قەزای دەربەندیخان و بڕیارە بۆ كاری كشتوكاڵی سوودی لێوەربگیرێت بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، پێش ئەوەی کارەکانی تەواوبکرێ و رادەستبکرێ، بەنداوەكە لە ساڵی 2022 بەهۆی كەمی باران سەرڕێژ نەبوو، بەڵام لە 8.3.2023 سەرڕێژی كرد، و ئەمساڵیش لە وەرزی باران بارین دووبارە سەرێژی کردەوە، لە ئێستادا نزیكەی 19 ملیۆن و نیو مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

ئەمڕۆ شەممە 4.5.2024، سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ی وت، “تائێستا ئەوان وەک لایەنی حکومەت بەنداوەکەیان رادەست نەکراوە، ئاگادارن کە هەڵوەشانەوە و کێشە لە بەنداوەکەدا هەیە، و لیژنەیان پێکهێناوە تا کەموکوڕییەکان دیاری بکرێت و چارەسەر بکرێن”.

قایمقامی دەربەندیخان رەتی کردەوە، ئەوان بەو شێوەی ئێستا بەنداوەکە وەربگرن لە کۆمپانیای جێبەجێکار و وتی، “هەتا کەموکوڕییەکان چارەسەر نەکرێن، حکومەت بەنداوەکە لە ئەستۆی خۆی ناگرێ، ئێمە نوێنەری ئەندازیاریمان هەیە و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ پڕۆژەکە دەکەین”.

بەنداوی دێوانە، 42 مەتر بەرز و 260 مەتر پانە، تێچووی دروستكردنی 24 ملیار دینار بووە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دێوانە ئاوی شاخەكانی قۆپی قەرەداغ و چەمی دێوانە و نیوەی شاخی بەرانانە. ئەم بەنداوە رووماڵی هەندێك لە ئاوی بانی خێڵان دەكات و دەڕژێتەوە ناو داون ستریمی بەنداوی دەربەندیخان، یان رووباری سیروان. لەوێشەوە دەڕواتەوە بۆ باوەنوور و كەلار و بەنداوی حەمرین.