مام حەمەڕەشید بناسە
خوێندەواریی نییە و فێری چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییەکان بووە
964+
بـڕوا مەجید – قەزای شارەزوور
حەمەڕەشید حەمەئەمینی تەمەن 70 ساڵ، لەگەڵ ئەوەی خوێندەواریی نییە و پەنجەکانی دەستێکیشی ناکرێنەوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و زیاتر لە 20 ساڵە سەرقاڵی چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییەکان.
ئەو پیاوە بەتەمەنە چیرۆکی کەمئەندابوونی بۆ 964 گێرایەوە، کاتێک لە تەمەنی 20 ساڵیدا بووە، بەهۆی تۆپبارانی رژێمی بەعسی پێشووەوە دەستێکی بەرکەوتووە و لەوکاتەوە پەنجەکانی ئەو دەستەی ناکرێنەوە.
ئەو خەڵکی قەزای شارەزوورە و دەڵێت، “خوای گەورە ئەقڵێکی باش و بەهرەیەکی باشی پێداوم”.
مام حەمەڕەشید بۆ یەکەمجار کارەبای بردووەتە گوندی تەپەکەل، “ساڵی 80ـکان مۆلیدەیەکم لە بەغداوە بردە گوند و کارەبام بە خەڵک دەفرۆشت، شێوازی وەرگرتنی پارەکەم بە ئامێر بوو، ئەگەر ماڵێک گڵۆپێکی هەڵکردایە دینارێکم لێوەردەگرت و ئەگەر تەلەڤزیۆنێکیشی هەڵبکردایە دینارێکم لێ وەردەگرت، بەو جۆرە ئەگەر ماڵێک گڵۆپێک و تەلەفزیۆنێکی ئیشپێبکردایە مانگانە دوو دینارم لێوەردەگرت”.
ئەوەی ئێستا بۆ ئەو وەستا بەتەمەنە کێشەیە کزبوونی چاوەکانی و لەرزۆکبوونی دەستەکانییەتی و دەشڵێت، “پیشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرە نوێکان هاوڵاتیانی لە چاککردنەوەی ئامێر دوورخستووەتەوە و چیتر ئامێرە کۆنەکانیش بەکارناهێندرێن”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد