لە بەردەڕەش خوێندکارانی ئامادەییەک ناچنە هۆڵەکانی خوێندن
+964
عەمار عەزیز -دهۆک
خوێندکارانی شەشەمی ئامادەیی بەنێنان لە قەزای بەردەڕەش، کە ژمارەیان 50 خوێندکار دەبێت، دەڵێن بەهۆی دەستکاریکردنی نمرەکانیان چوار رۆژە بایکۆتی هوڵەکانی خوێندنیان کردووە.
رێزدار عەبدول موحسین، خوێندکاری 12ی ئامادەییە، یەکێکە لەو خوێندکارانەی پێیوایە نمرەکانی دەستکاری کراوە، بۆ +964 قسەی کرد، دەڵێت “بەڵگەمان هەیە، بەرێوەبەری ئامادەییەکەمان لە تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ دەستکاری نمرەکانی کردووە”.
رێزدار ئەوەشی وت “بە دوو مەرج ئامادەین بگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن، یەکەم بەڕێوەبەرەکەمان بگۆڕێت، دووەم لیژنەیەک لە پەروەردە بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە”.
پەیوەندیمان کرد بە مەسعود میکائیل، بەرێوەبەری ئامادەیی بەنێنان، تەنیا هێندەی وت “ئەم بابەتە دوور و نزیک پەیوەندی بەمنەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بەردەڕەش هەیە”.
پەیوەندیمان کرد بە مەهدی خەلیل، بەرێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە +964ی وت “سەرپەرشتیارێکمان ناردۆتە خوێندنگەکە، دەرکەوت بەهیچ شێوەیەک دەستکاری نمرەی ئەو خوێندکارانە نەکراوە، ئەوەی هەبووە تەنیا لەکاتی تاقیکردنەوەکان هەڵەیەکی بچووک کراوە و چارەسەرکراوە”.
بەڕێوەبەری پەروەردە ئەوەشی وت “ئەمە دەستێکی ئاژاوەگێڕییە و قبوڵی ناکەین”.
ئامادەیی بەنێنان لەساڵی 2000 دامەزراوە، تا پۆلی شەشەمی ئامادەیی هەیە، بە هەردوو لقی زانستی و ئابووری، نزیکەی 150 خوێندکاری هەیە.