دیمەنی چەند کۆڵبەرێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان.وێنە.رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
بە گوللەی هێزەکانی ئێران
کۆڵبەرێکی تەمەن 35 ساڵەی خەڵکی مەریوان کوژرا
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بێت، ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی (سەیوان دەست ئەفکەن) لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری “تەتە”ی سەوڵاوا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
رووداوی تەقەکردنەکە ئەمڕۆ 17.4.2024 بووە، هێزەکانی ئێران لەبەرزاییەکانی تەتە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە لەناویاندا کۆڵبەرێکی تەمەن 35 ساڵ گیانی لەدەستدا.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو هاتووە، “هێزە چەکدارەکانی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێش وەختە و لەمەودایەکی نزیکەوە دەستڕێژیان لە کۆڵبەران کردووە”.
سەیوان دەست ئەفکەن خێزاندارە و باوکی منداڵێکە و خەڵکی گوندی “دەڕە پەیمان”ی سەر بە شاری مەریوان بووە.