کۆیە

پێشمەرگەیەک یەکەمی سەر ئاستی بەشەکەی بوو

دەریا ئەحمەد- کۆیە

رابەر سلێمان، پێشمەرگەیەکە کە دوای دابڕانێکی زۆر لە خوێندن، توانی بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی بەشی مێژووی ئێوارانی زانکۆی کۆیە بڕوانامە بەدەستبهێنێت.

رابەر وەک خۆی چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، سەرەتا لە قوتابخانە بێزار بووە و وازی لە خوێندن هێناوە، بەڵام دواتر هەستێکی جیاواز پاڵی پێوە دەنێت بۆ گەڕانەوە، ئەو دەڵێت: «وام لێهاتبوو کە بەلای زانکۆدا دەڕۆیشتم و دەمدیت هاوڕێکانم بوونەتە مامۆستا، دەموت خوایە منیش رۆژێک بێت بگەمە ئێرە».

ئەو دەرچووە ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگەیە، بڕیاری داوە دەست بە خوێندن بکاتەوە و بە هەوڵ و کۆششی خۆی توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی بەشەکەی بەدەستبهێنێت.

سەرکەوتنەکەی رابەر هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی 21ـەمین ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی کۆیە کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، تێیدا 749 خوێندکار بڕوانامەی دەرچوونیان پێبەخشرا.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح