شێ و کەپەکی زۆر بووە
دەستبەسەر بەشە ئاردی مانگی دووی قەزای پێنجوێندا گیرا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن دەستیان بەسەر بەشە ئاردی مانگی دوودا گرت و دەڵێن شیاوی خواردن نەبووە.
سەروەر کەریم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان لە قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، دوای پشکنین بۆ بەشە ئاردی مانگی دووی هاوڵاتیان لە بریکارەکان دەرکەوتووە بۆ خواردن شیاو نییە و بڕیاریان داوە بە راگرتنی دابەشکردنی ئەو ئاردە.
وتیشی، “ئاردەکە دوو کێشەی تێدا بووە کە یەکێکیان رێژەی کەپەکی ئارد بووە و رێژەکەی %12 بووە لەکاتێکدا بەگوێرەی ستاندارد دەبێت 6% زیاتر نەبێت و رێژەی شێ دەبێت 0% بێت و ئەو رێژەکەی 0.12% بووە”.
964 دەزانێت، بەشە ئاردی ئەو مانگە شەش هەزار و 901 فەردە بووە و لە پێنجوێنیشدا 33 هەزار هاوڵاتی بەشە ئاردی مانگانە وەردەگرن.
“حکومەتی عێراق بەشێوەی دانەوێڵە ئارد دەنێرێت بۆ پارێزگاکان و دواتر لەوێ کەرتی تایبەت دەیکات بە ئارد و دیار نییە کێشەکە لەکوێدا بووە، بەڵام لە تاقیگەکانی پارێزگای سلێمانی سەلمێندراوە بەشە ئاردی مانگی دووی پێنجوێن شیاوی خواردن نییە”، سەروەر کەریم وای وت.
باسی لەوەش کرد، هەموو بریکارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە ئارد دابەش نەکەن و داواشیان کردووە ئەو بڕە ئاردەیان بۆ بگۆڕدرێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد