بۆ ماوەی سێ رۆژ

ئەو شۆفێرەی پاشماوەی زبڵی لە ئۆتۆمبێلەکەی فڕێدابوو سزاکەی لەسەر جێبەجێکرا

964+

فەهمی نەبی

بەهۆی ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەیەوە پاشماوەی زبڵی فڕێدابوو، شارەوانی هەولێر سزای سێ رۆژ کارکردنی لەگەڵ ژینگەپارێزانی ناوبازاڕی هەولێری بەسەر شۆفێرێک سەپاند و ئەو شۆفێرە دووەم شەوە سزاکەی جێبەجێکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر چەند وێنەیەکی کاتی جێبەجێکردنی ئەو سزایەی بڵاوکردەوەتەوە، جلی ژینگە پارێزانی لەبەرکردوە و سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی زبڵی قەراغ شەقامێکی دەوروبەری قەڵای هەولێرە.

ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، دووەم شەوە ئەو شۆفێرە سزاکە جێبەجێدەکات، هەر شەوێک بۆماوەی چوار کاتژمێرە، دوێنێ شەو شۆفێرەکە وتبووی، “ئێستا دەزانم کارمەندانی ژینگەپارێز چەندە ماندوون”.

بەپێی بەدواداچوونی 964 هیچ مادە و بڕگەیەک لە یاسای سزادانی عێراقی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزایەکی لەمجۆرە نییە، بەڵام وەک ژیار جەلال دەیڵێت، “مەبەست لەسزاکە تەنیا مەعنەویە و هیچ مەبەسێک نییە بۆ لێدان لەکەسایەتی ئەو شۆفێرە”.

دوێنێ دووشەممە، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ی راگەیاندبوو، جێبەجێکردنی ئەو سزایە بۆ ئەوەیە کەسی دیکە لەمەوبەدوا کاری لەمجۆرە نەکات.

رۆژی 25.3.2024 گرتەیەکی ڤیدیۆیی سۆشیال میدیای تەنی دەردەکەوێت، شۆفێرێک لە ئۆتۆمبێلەکەی کلینکس و کاغەز فڕێدەدات، رۆژی دواتر هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند لەسەر داواکاری شارەوانی هەولێر دەستیانگرتووە بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە، سەرۆکی شارەوانی وتبووی تا سزا مەعنەوەیەکی کە سێ رۆژ کارکردنە لەگەڵ پاککەرەوەکان ئۆتۆمبێلەکەی نادرێتەوە.

ئەو شۆفێرەی لە ئۆتۆمبێلەکەی زبڵی فڕێدەدا دەبێ سێ رۆژ ل...

ئەو شۆفێرەی لە ئۆتۆمبێلەکەی زبڵی فڕێدەدا دەبێ سێ رۆژ لەگەڵ ژینگەپارێزان کار بکات