یەکێکیش لەسەر بەرتیل

کەرکوک؛ دوو کەس لەسەر دزینى موچەى خانەنشینان دەستگیرکران

964+

وریا فەتاح

دەستەی دەستپاکی لە کەرکوک دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازی ئەنجامدا و سێ کەسی بە تۆمەتی ساختەکاری، دزینی مووچەی خانەنشینی و وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرد، کە یەکێکیان پۆلیسە.

دەستەى دەستپاکى بڵاوى کردەوە، لەناو فەرمانگەی خانەنشینیی کەرکوک، تۆڕێکی فێڵکردن ئاشکرا بووە کە لە فەرمانبەر، پارێزەرێک پێکهاتوون. ئەم تۆڕە یارییان بە دۆسیەی خانەنشینان کردووە بۆ ئەوەی بە نایاسایی پارە دەربهێنن.

لەسەر ئەم کەیسە، دوو کەس دەستگیرکراون کە بە ساختەکاری بڕی زیاتر لە 84 ملیۆن دیناریان بردووە. پارەکە بە ناوی ژنێکی هاووڵاتییەوە دەرکراوە کە گوایە پارەی کەڵەکەبووی خانەنشینییەکەیەتی، بەڵام تۆمەتبارەکان خستوویانەتە گیرفانی خۆیانەوە.

لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا، تیمەکانی دەستپاکی چوونەتە سەر بەشی گواستنەوەی زیندانییان لە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک. لەوێ کارمەندێکی پۆلیس لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدادەستگیرکراوە. ئەم پۆلیسە وەک نێوەندگیر کاری کردووە و زیندانییەکی ناچار کردووە پارەی پێبدات، تەنیا لەپای ئەوەی شوێنیرڕاگرتنەکەی لە ناو زیندان بۆ بگۆڕێت و بیباتە شوێنێکی دیکە.

دەستەى دەستپاکى روونى کردووەتەوە، هەر سێ تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەکانی 289 و 298 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.