ساغکردنەوە
گەنمی سێمێل سەلامەتە و هیچ نەخۆشییەکی نەگرتووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
جوتیارانی دەڤەری سێمێل ترسی ئەوەیان هەبوو کە کەنمەکانیان تووشی نەخۆشی بووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سێمێل بەدواداچوونێکی کردووە و دەڵێت، گەنم لە چەند زەویەک بەرگەی سەرمای نەگرتووە و 1% زیانی پێگەیشتووە و بەگشتی مەترسی لەسەر گەنمی سێمێل نییە و سەلامەتە.
زۆربەی چاندنی گەنمی پارێزگای دهۆک لە سنووری قەزای سێمێل لە دەشتی سێمێل، دەشتی سلێڤانەی، کۆمەڵگەی مسێریک، ناحیە فایدە و خانکی دەچێندرێت.
عەبدولرەزاق رەمەزان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سێمێل بە 964ـی وت، زۆرێک لە جوتیارانی دەڤەری مێسیریک و سیزار گلەیی و ترسی ئەوەیان بووە کە گەنمەکەیان نەخۆشە، بەڵام تیمێک لە بەشی پاراستنی رووەک بەدواداچوونیان کرد، لە دوێنێ و ئەمڕۆ گەنمەکە تەنیا بەرگەی سەرمای نەگرتووە و 1% زیانی گەیاندووە بە زەویەکە.
وتیشی، ئێستا بەهارە زۆربەی گەنمەکان تووشی نەخۆشی “فتریات و مێرولە”دەبن، بەتایبەت “فتریات” لە کاتی بارانبارین لەم وەرزەدا تووش دەبن، بەڵام دەبێت جووتیاران ئاگاداری گەنمەکانیان بن و زوو ئاگادارمان بکەنەوە.
ئاماژەبەوەشکرد، چەند هەفتە جارێک سەردانی مەیدانی بۆ سەر پارچە زەوی گەنمی جووتیاران دەکەین، تا ئێستاش گەنمی ناوچەی سێمێل هیچ نەخۆشییەکی نەگرتووە.
بەقسەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سێمێل، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە تا کۆتایی مانگی ئایار، نەخۆشییەک بە ناوی “نەخۆشی مێروولە” لە گەنمدا بڵاودەبێتەوە، ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر گەنم دروست دەکات، بەڵام بەشی پاراستنی رووەک لە سێمێل بە شێوەیەکی بەردەوام ئامۆژگاری و رێنما پێشکەش بە جووتیاران دەکات.
“ئەمساڵ نزیکەی 240 هەزار دۆنم گەنم لە سنووری قەزای سێمێل چێنراوە” عەبدولرزاق رەمەزان وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی