قوتابیانی بەردەڕەش داوا دەکەن بە سۆرانی بخوێنن
+964
عەمار عەزیز- دهۆک
بە هۆی سەختی تێگەیشتنیان لە کرمانجی، قوتابیانی بەردەڕەش داوا دەکەن پڕۆگرامی خوێندنیان لە شێوەزاری کرمانجی بگۆڕدرێت بۆ شێوەزاری سۆرانی.
ساڵانێکی زۆرە پڕۆگرامی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بە جۆرێکە کە ئەوانەی ئەوبەری زێی گەورە کە سەر بە پارێزگای دهۆکن و زۆرینە کرمانجی خواروو قسەدەکەن، پڕۆگرامی خوێندنیان بە شێوەزاری خۆیانە، بەڵام ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە کێشەی بۆ قوتابیانی قەزای بەردەڕەش دروستکردووە کە لە عەشیرەتی گۆرانن و قسەکردنیان لە شێوەزاری سۆرانی نزیکە.
حازم محەمەد ئەمین، قوتابی قۆناغی یازدەی ئامادەیی لە سەنتەری بەردەڕەش بە +964 وت “راستە بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆکە بەڵام ئێمە بە شێوەزاری گۆران قسەدەکەین و ئەمەش وادەکات خوێندن بە شیوەزاری کرمانجی سەخت بێت بۆ ئێمە”.
حازم محەمەد، پێیوایە ئەگەر شێوازی خوێندن بکرێتە سۆرانی ئەوا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ قوتابیان دەکرێت، چونکە هەندێک کات بۆ تێگەیشتن لە وانەکان پەنا دەبەینە بەر کەسانیتر بۆ ئەوەی بۆمان شیبکەنەوە.
ئەو داوایەی قوتابیانی بەردەڕەش شتێکی نوێ نییە، پێشتریش وەها داوایەکیان هەبووەو تەنانەت شەش هەزار واژووش کۆکرایەوەو بە پەرلەمانی کوردستان دا، بەڵام وەزارەتی پەروەردە کێشەکەی بۆ چارەسەر نەکردن و پەرلەمانیش بەدەم داوایەکەیان نەچوون.
+964 دەزانێت، قەزای بەردەڕەش لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دهۆکە، پڕۆگرامی خوێندنیش لە دهۆک بە کرمانجی خوارووە.
مەهدی خەلیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە 964ی وت” بەرپرسان و کەسایەتی ناوچەکە زیاتر لە جارێک داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کە پڕۆگرامی خوێندن لە شێوەزاری کرمانجی بۆ شێوەزاری سۆرانی بگۆڕدرێت، چونکە زۆرینەی خەڵکی قەزای بەردەڕەش بە شێوازی گۆران قسەدەکەن و تێگەیشتنیان لە شیوەزاری کرمانجی سەختە بۆیان”.
سەفا رەشید، مامۆستایە لەقوتابخانەی زمزمۆکی سەر بە پەروەردەی بەردەڕەش قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ: بێ بووین لە داواکەمان، چونکە لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانمان بە سۆرانی قسە دەکەین بەڵام کە دەچینە قوتابخانە کتێبەکان هەمووی کرمانجییە، ئەمەش بۆ قوتابیان قورسە.
سەفا رەشید وتیشی ”داوا لەهەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە جارێکی تر بە وردی کار لەسەر ئەم پرسەیە بکەن، دڵنیام ئەگەر شێوەزارەکە بگۆڕدرێت قوتابیەکانمان نمرەی باشتر بەدەستدەهێنن”.
شایەنی باسە لە سنووری قەزای بەردەڕەش 182 قوتابخانە هەن، ژمارەی قوتابیەکانیشی سەرووی 45 هەزار دەبن.