ئاماری شەش مانگی رابردوو
لەناو چاکسازیی گەورانی هەولێر دوو منداڵی چینی هەن حکومەتەکەیان وەریان ناگرێتەوە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لەناو چاکسازیی گەورانی هەولێر دوو منداڵی چینی تێدایە کە حکومەتەکەیان وەریان ناگرێتەوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێم ئاماری شەش مانگی رابردووی بۆ 964 ئاشکراکرد و وتی، “لە ئێستادا شەش هەزار و 200 سزادراو لەناو چاکسازییەکاندان و سێ هەزار و 565 کەسیش ئازاد کراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا 56 منداڵ لەگەڵ دایکیانن و رێژی جیابوونەوەی هاوسەرانیش لە چاکسازییەکان گەیشتووەتە سفر.
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاشکراشیکرد، بەپێی یاسا منداڵ تەمەنی گەیشتە سێ ساڵ، لە دایکیان جیابکرێتەوە و لە چاکسازییەکان بچێتەدەر، بەڵام دوو منداڵی چینی هەن کە تەمەنیان گەیشتووەتە 12 ساڵ، بەڵام چونکە حکومەتی چین وەریان ناگرێتەوە، هەر لەناو چاکسازیدا ماونەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری