یەکێک لە شوانکارەکەی سیدەکان بەهۆی سەختی برینەکەی دەگوازرێتەوە هەولێر

+964
ئاسۆ ئەحمەد- سۆران

دوو شوانكار لە سنووری سیدەكان لە لایەن سوپای توركیاوە بریندار دەكرێن، یەکێکیان کە ساچمەی بەر ملی کەوتووە بەهۆی سەختی برینەکەی دەگوازرێتەوە هەولێر.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوبەری ناحیەی سیدەكان بە +964 رایگەیاند: ئەمڕۆ دوو مێرمنداڵی تەمەن 15 ساڵ و تەمەن 16 ساڵ نزیک بونەتەوە لە خاڵێکی سنووری سەربازی تورکیا لە گوندی خەلیفانی سەر بە قەزای سیدەکان، ئەوانیش تەقەیان لێدەکەن و ساچمەیەک بە ملی یەکێکیان دەکەوێت و ساچمەیەکیش بەر قاچی ئەوی دیکەیان دەکەوێت.

لە شاخی دێل لە سنوری گوندی خەلیفان  توركیا بنكەیەكی سەربازیان هەیە و گەنجەكان لە بنكەكە نزیك بوونەتەوە. 

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوبەری ناحیەی سیدەكان

 رووداوەكە كاتژمێر 2:30 خولەك روویداوە، هەردوو هەرزەکارەکە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی سیدەكان و چارەسەری سەرەتاییان بۆ كراوە و نێرداون بۆ نەخۆشخانەی گشتی لە سۆران.

ناحیەی سیدەکان، دەكەوێتە باكوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 50 كیلۆمەتر لێیەوە دوورەو هەروەها 170 کیلۆمەتریش لە هەولیرەوە دوورە.

دکتۆر ڕێبوار باڵەکی، بەڕێوبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سۆران، بە 964 راگەیاند: یەكێك لە بریندارەکان له نەخۆشخانەی ئاشتی ماوەتەوە تاوەکو چارەسەری پزیشکی وەرگرێ، یەکێکی تر لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانە هەولێر کراوە.