ئۆپراسیۆن کراوە

لە دیالە و سەڵاحەدین؛ چەکی عەجایەب و زۆر دەستی بەسەرداگیرا

سیروان خورشید – خورماتوو

هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرفراوان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنووری نێوان پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی جۆراوجۆردا گرتووە.

ئەو کەرەستانە بریتی بوون لە مووشەکی ئارپیچی، کڵاوەی دژە تانک، چەند جۆرێک لە هاوەن لەگەڵ لوولە و پایە و گوللەهاوەنی جۆراوجۆر، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سندوقی پڕ لە فیشەکی چەکی ناوەند و قورس، فیشەکی چەکی “PKC” و دۆشکە، نارنجۆک، بۆمب، کۆمەڵێک نارنجۆکی دەستی و بۆمبی چێندراو دۆزراونەتەوە.

جگە لەوانەش، دەستبەسەر کۆمەڵێک کەرەستەی لۆجستی و بۆڕیدا گیراوە کە بۆ دروستکردن و ئامادەکردنی کەرەستەی سەربازی بەکارهاتوون، لەگەڵ پێداویستییەکانی ئامێری پەیوەندی.

لیوا محەمەد کازم، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دیالە بە 964ی وت، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری ورد و بە ئامانجی پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی تیرۆر و تاوان دەستی پێکردووە.

بەپێی لێدوانەکەی، هێزەکان لە چەند باخ و ناوچەیەکی سەختی سنووری هەردوو پارێزگاکەدا پشکنینیان ئەنجام داوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان کە بە شێوەیەکی شاراوە حەشاردرابوون دۆزیوەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بە ئامانجی توندوتۆڵکردنی ئاسایش، دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو و کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوام دەبن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا