به‌ربژێرانی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ئاشكرا كران

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ “فیفا” لیستی ناوی ئه‌و یاریزان و راهێنه‌رانه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باشترینی ساڵ به‌ربژێرن، مێسی و ئێمباپێ و كه‌ریم بنزێما ركابه‌ری سه‌ره‌كیی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی پیاوانن.

فیدراسیۆنه‌كه‌، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ ناوی به‌ربژێرانی خەڵاتی “باشترین – THE BEST”ـی بۆ ساڵی 2022 راگەیاند، كه‌ له‌ ئاستی پیاواندا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م هه‌ریه‌كه‌ له‌ لیۆنێل مێسیی ئه‌رجه‌نتینی و هه‌ردوو هێرشبه‌ری فه‌ڕه‌نسی، كیلیان ئێمباپێ و كه‌ریم بنزێما ركابه‌ریی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن.

جگه‌ له‌وه‌، لیسته‌كه‌ چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه‌ی تێدایه‌، ئه‌وانیش نه‌یمار، ئه‌شره‌ف حه‌كیمی، محه‌مه‌د سه‌ڵاح، رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی، جولیان ئەلڤارێز، کیڤن دی برۆین، ئێرلینگ هالاند، لۆکا مۆدریچ، ڤینیسیۆس جونیۆر، سادیۆ مانێ و جود بێلینگهام.

بۆ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی خانمیش، ئەلێکسیا پۆتیاسی ئیسپانی و یاریزانی بارسێلۆنا لە سه‌رووی لیسته‌كه‌یه‌، كه‌ براوه‌ی بالۆن دۆری 2022 بوو، ئه‌وانی دیكه‌ش سێ یاریزانی ئینگلیزیین “بێس مید، لیا ویلیامسۆن و کیرا والش”.

جگه‌ له‌م دوو خه‌ڵاته‌، فیفا هەروەها خەڵات دەبەخشێتە باشترین “راهێنەری پیاوان، راهێنه‌ری خانمان، باشترین گۆڵپارێز” هه‌روه‌ها خەڵاتی پوشکاش بۆ جوانتری گۆڵی ساڵی 2022.

بڕیاره‌ تا سێی شوباتی داهاتوو دەنگدانی گشتی و کراوە بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوە دیاریی ده‌كرێت له‌ هه‌ر به‌شێكدا سێ كه‌س بۆ قۆناغی كۆتایی به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاته‌كه‌ سه‌رده‌كه‌ون.