161 خانوە
دوای 48 ساڵ خانوی فەرمانبەرانی کارەبای دوکان تاپۆ دەکرێن
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
نزیکەی 48 ساڵە خانوەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێانی کارەبای دوکان دروستکراون، بەڵام هێشتا تاپۆ نەکراون، قایمقامی دوکان دەڵێت، بڕیاری تاپۆ کردنیان دەرچووە.
ژمارەیان 161 خانوو دەبێت،لەگەڵ دروستکردنی بەنداوی دوکان لەلایەن کۆمپانیایەکی روسی لە ساڵی 1976 ئەو خانوانە بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێانی کارەبای دوکان دروستکراون و ئێستا فەرمانبەران و خانەنشینانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لێی نیشتەجێن، بڕیاری تاپۆکردنیان بەپێی هەردوو بڕیاری ژمارە 121 ساڵی 1998، ژمارە 62 ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانە.
سیروان سەرحەد، قایمقامى قەزای دوکان له لێدوانێكیدا بۆ 964 وتى، “دوای هەوڵێکی زۆر، لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت و بەشی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا، رەزامەندیاندا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بەمەبەستی تاپۆکردنی خانوەکان لەماوەی دوومانگدا، بڕیارەکە خانوەکانی وێستگەی کارەبای دەربەندیخانیش دەگرێتەوە”.
قایمقامی دوکان وتیشی، “بەشێکی زۆری خانوەکان کۆن بوون نەدەتواندرا نۆژەنبکرێتەوە، فەرمانبەران و خانەنیشانی نیشتەجێی ئەو خانوانە بارو گوزەرانیان خراپ بوو بەهۆی کۆنی خانوەکان، شایستەن خزمەت بکرێن و پاداشت بکرێن، چونکە بەشێکی زۆری تەمەنیان بەخزمەتکردنی وێستگەکە بەسەر بردوە”.
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان لەسەر بەنداوی دوکان دروست کراوە، توانای بەرهەمهێانی 400 مێگاوات کارەبای هەیەو لە پێنج یەکەی بەرهەمهێنان پێکدێت.