دیدارێكی تایبه‌ت به جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو
+964
عەمار عەزیز & هه‌ژین فه‌تاح – دهۆک
پێنجەمین دیداری لالش بۆ جینوسایدی ئێزدییان به‌ڕێوه‌چوو، پانێڵێكی فراوانیش سازكرا، سه‌ره‌ڕاى ده‌نگدانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌و كه‌یسه، به‌ڵام هێشتا ئێزیدییه‌كان گله‌یی له دۆخى ژیانیان ده‌كه‌ن.
ئەمڕۆ 12ی کانوونی دووەم ، دەستەی باڵای بنکەی لالش لە شاری دهۆک پێنجەمین دیداری لالش بۆ جینوسایدی ئێزدییانی بەڕێوەبرد.
کاروان باعەدری، بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی لالش به +964 ـى وت “یەکێک لە ئامانجە سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌سته‌كه‌مان کارکردنی وردە لەسەر کەیسی جینۆساید و ناساندنی ئێزدییەکان، کە بەداخەوە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن”.
وتیشی “لەدوای هێرشی 3ی ئابی 2014 ـى داعش بۆ سەر شنگال و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان، کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بووە کەیسێکی جیهانی، تا ئێستا نزیکەی 20 بڕیاری نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی رێکخراوەکان و پەرلەمانی وڵاتان دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دوخی ئێزدییەکان هیچ گۆرانکاری بەسەردا نەهاتووە”.
هەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان بە +964 ـی وت “بەردەوام بەدواداچوون بۆ کەیسی به جینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان دەکەین، راستە هەندێک لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکانیان بە جینۆساید لە قەڵەمداوە، بەڵام ئەمە تەنیا وەک رێزیک بووه”.
ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه، پێویستە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کەیسەکە بکرێتە جینۆساید، تا خەڵکی ئێمە لە هەموو روویەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
دکتۆر موئەیەد، ماموستای زانکۆ، پێی وایه نابێ به شێوه‌یه‌كی عاتیفی له پرسی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان بڕوانرێ، ده‌شڵێ “پێویسته دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆڵی خۆیان بۆ ئه‌م كه‌یسه ببینن و تاوانبارانى ئه‌و كه‌یسه‌ش سزاى خۆیان وه‌ربگرن”.