نزیکەی سێ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا دراوە بە خەڵک

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

نزیکەی سێ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا دراوە بە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، هەرکەسێکیان لانیکەم ژەمێک یان دوو ژه‌می وەرگرتووە، وەزارەتی تەندروستی وا دەڵێت.

بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت ملیۆن کەسە، بەو پێیە، پێدەچێت نزیک بە نیوەیان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەر رێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر گومانێکی ڤایرۆسی نوێ بە مەبەستی بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و خۆپارێزییە لە تەشەنەکردن.

دەشڵێت، ھیچ رێکارێک ناگرنەبەر ئەگەر ببێتە بارگرانی بۆ کاروکەسابەتی ھاوڵاتی و ھەموکات چاودێری دۆخی ھەموو نەخۆشیەکی گواستراوە دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزیر، لە ھەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 931 ھەزار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بە ھاوڵاتیان دراوە، هەرکەسێک ژەمێک یان دوو ژەم.

لەم رۆژانەدا، وەزارەتی تەندروستی بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە سەرھەڵدانی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە چین، ھەر کەسێک لەو وڵاتەوە سەردانی ھەرێمى كوردستان بکات، داوای پشکنینی پێشوەختی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت.