بەپێی ئاماری رێکخراوی CPTی ئەمریکی
لە سێ مانگی رابردوودا تورکیا 241 بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوی CPTی ئەمریکی لەماوەی سێ مانگی رابردووی ئەمساڵدا تورکیا 241 بۆردومان و ئێران 15 بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
نوێترین هێرشەکانی تورکیا
تورکیا لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو دووجار ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، درەنگانی شەوی رابردوو سێ هاوڵاتی گوندی بەرێسکێ بە مەبەستی كردنی گیای بەهاری چوونهته چیای زێباریان لە سنووری ناحیەی شێلادزێ، بهڵام بههۆی بۆرودومانی فڕۆكهكانی تورکیا بۆ شاخەکە، دوو لهو هاوڵاتییانه گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیشیان بە سەختی بریندارە، ئێوارەی ئەمڕۆش لە شەنگال فڕۆکەکانی تورکیا خاڵێکی چەکدارانی “یەپەشە”یان بۆردوومان کرد و دوو چەکدار گیانیان بەخشی.
ئامارەکانی رێکخراوى (CPT)ى ئەمەریکى
کامەران مەلا عوسمان، بەڕێوەبەری دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوى (CPT)ى ئەمەریکى قسەى بۆ 964 کردووە دەڵێت: لەو 241 بۆردومانەی تورکیا ئەنجامیداوە زۆرترینی لە پارێزگای دهۆک بووە، بەجۆرێک 116 بۆردومانی تورکیا لەو پارێزگایە بووە و 35 بۆردومانی لە پارێزگای سلێمانی و لە هەولێر 86 بۆردومانی ئەنجامداوە، لە پارێزگای موسڵ چوار بۆردومان تۆمارکراون.
سەبارەت بە جۆری هێرشەکان ئەو بەرپرسەی رێکخراوە ئەمریکیەکە دەڵێت، لەو بۆردومانانەی تورکیا ئەنجامیداوە 201 بۆردوومان بە فڕۆکەی جەنگی بووە، 12 بە درۆن بووە، 28ی بە تۆپباران بووە.
بوگوێرەی ئامارەکە، لە بۆردومانەکانی تورکیا چوار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان بەخشیووە و هاوڵاتییەکیش بریندار بووە.
ئامارەکان سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران
ئامارەکەی رێکخراوى (CPT)ى ئەمەریکى دەریدەخات، ئێران لەمساڵدا 15 هێرش و بۆردوومانی ئەنجامداوە، 14 بۆردومانی بۆ سەر هەولێر بووە و یەک بۆردوومانی بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بووە.
لەو هێرشانە نۆ بۆردومانیان بە موشەک و چواریان بە درۆن و دووانیان تەقەی سەر سنوور بووە.