زەیدی لیژنەی دروست کردوە
بارە درۆن و موشەکەکە لە عێراقەوە چۆن چووە سوریا و کەشف کرا؟
ئەحمەد مستەفا
سەرچاوەیەکی فەرمیی عێراقی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پرۆسەی دەستبەسەرکردنی بارێکی چەک، کە لەناو تانکەری نەوتی عێراقی لە خاکی سوریا شاردراوە بوو، لە 7ی تەممووزی ئەم مانگە روویداوە و ئاشکراکردوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەسەڵاتدارانی سوریا تەنیا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لەم رووداوە ئاگاداری لایەنی عێراقی کردووەتەوە.
سەرچاوەکە لە گفتوگۆیەکدا بۆ ئەلجەزیرە وتوویەتی، شۆفێری دەستبەسەرکراو لەلایەن هێزەکانی سوریا دانپێدانانێکی داوە کە تێیدا باس لە هاوکاریی هەندێک فەرمانبەری دەروازەی سنووری وەلید دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارانە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، ئەمڕۆ فەرمانی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە داوە، دوای ئەوەی لایەنی سووری رایگەیاند، بارەکەیان دەستبەسەر کردووە.
لە هەمان ڕۆژدا، دەستەی گشتی دەروازە سنوورییەکان و گومرکی سووریا رایگەیاند هەوڵێکی قاچاخکردنی بارێکی «گەورە»ی چەک، مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ڕێگای دەروازەی سنووری تەنەف شکستی پێهێناوە. بە وتەی دەستەکە، ئەو چەکانە بە شێوەیەکی زۆر ورد لەناو تانکەرێکی گواستنەوەی نەوت شاردراونەتەوە، کە بەرەو شاری بانیاس دەچوو.
دەستەکە هەروەها رایگەیاند بارە دەستبەسەرکراوەکە بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان نێردراوە تاکو لێکۆڵینەوەکان تەواو بکرێن و هەنگاوە یاسایییەکان دژی ئەوانەی تۆمەتبارن بگیرێتە بەر. ئەمەش دوای ئەوە هات کە وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، هەوڵی قاچاخکردنی بارێکی «جۆرە تایبەت» لە چەک و موشەک لە سنوری عێراق و سوریا، کە بە وتەی ئەوان بۆ بەرژەوەندی حیزبوڵڵای لوبنان ئامادە کرابوو، شکستی پێهاتووە.
لە ڕاگەیەنراوێکی گومرکی سووریا، کە تۆڕی 964 بڵاویکردەوە، هاتووە:
«کارمەندانی گومرکی دەروازەی سنووری تەنەف توانیان بارێکی گەورەی چەک، مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان دەستبەسەر بکەن، کە بە شێوەیەکی رێکخراو لەناو تانکەرێکی گواستنەوەی نەوت شاردرا بوو و بەرەو شاری بانیاس دەچوو. ئەم کارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەستەی گشتی دەروازە سنوورییەکان و گومرک بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و پاراستنی ئاسایشی وڵات ئەنجام دراوە.»
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کاتی ئەنجامدانی پشکنین و وردبینی ئاسایی سەر ئۆتۆمبێل و بارە تێپەڕبووەکان، گومان لەسەر یەکێک لە تانکەرەکان هەبووە، و پاش پشکنینێکی ورد، چەک، مووشەک و درۆنەکان لەناویدا دۆزرانەوە، کە بە شێوەیەکی پیشەیی رێکخراو شاردرا بوونەوە بۆ ئەوەی چاودێریی گومرکی فریو بدرێت.
دوای تەواوبوونی هەنگاوە یاسایییە سەرەتایییەکان و تۆمارکردنی ڕاپۆرتی پێویست، بارە دەستبەسەرکراوەکە رادەستی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی تۆمەتباران.
لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی، لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سووریا بۆ شکستهێنانی هەوڵی قاچاخکردنی چەک و مووشەک لە سنووری عێراق. هەروەها زەیدی فەرمانی داوە هاوکاری لەگەڵ دیمەشق بکرێت و ئەو کەسانەی خۆیان لە ئەرکەکانیان کەمتەرخەمی کردووە، بخرێنە ژێر لێپرسینەوە.