باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریی بەپەلە دەداتە هاوڵاتییانی لە عێراق
964+
پەری ساڵح
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوا لە هاوڵاتییانی دەکات لە عێراق لە بەرزترین ئاستی وشیاریدا بن، ئەمەش بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی دوێنێی سەر شاری هەولێر.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، دوای ئەو هێرشانەی لە 15ی تەممووزدا لە رێگەی درۆنەوە کرانە سەر هەولێر، ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، گۆڕانکاری لە گەشتە ئاسمانییەکاندا بکرێت یان کایەی ئاسمانی عێراق دابخرێت.
باڵیۆزخانەکە بۆ هاوڵاتییانی دووپاتکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری و نائارامیی مەدەنی.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرەڕای کەمکردنەوەی بەشێک لە کارمەندانی، نێردەی دیپلۆماسی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامە لە کارەکانی و هاوڵاتییانیان دەتوانن بۆ کاروباری پێویست پەیوەندی بە باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کونسوڵخانە لە هەولێرەوە بکەن.