لە یادى راپەڕیندا
ئیدارەى راپەڕین گۆڕستانى پڕۆژە تەواو نەکراوەکانە
964+
وریا فەتاح
زیاتر لە سێ دەیە بەسەر راپەڕینى باشوورى کوردستاندا تێدەپەڕێت و لە دواى ئەوەوە ئیدارەى خۆماڵیی کوردى لە باشوورى کوردستانەوە دروست بوو، ئێستا کە 33 ساڵ بەسەر یادەکەدا تێدەپەڕێت، دەڤەرى راپەڕین بووە بە گۆڕستانى پڕۆژە تەواو نەکراوەکان و دەیان پڕۆژەى ستراتیژى بە تەواونەکراوى جێهێڵراون.
لەم راپۆرتەدا، بەشێکى زۆرى ئەو پڕۆژانە دەخەینەڕوو، کە بە نیوەناچڵى جێهێڵراون یان بەردى بناغەکەیان دانراوە و ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە.
یەکەم: پڕۆژەى کارگەى شەکرى بیتوێن
پڕۆژەکە لە رۆژى 8ـى ئەپرێلى 2021، لە مەراسیمێکى گەورەدا بە ئامادەبوونى، قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت و بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ، محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان و بەرپرسانى ئیدارەى راپەڕین، بەردى بناغەکەى دانراوە.
هەندێ زانیارى لەسەر پڕۆژەکە:
لە توانایدایە رۆژانە پێنج هەزار تۆن چەوەندەر وەربگرێت
زیاتر لە 60 هەزار دۆنم زەوى بەکار دەهێنێت لە وەرزێکدا
پڕۆژەکە لە دوو وەرزى بەهارى پایزى بۆ ماوەى 200 رۆژ کار دەکات
نزیکەى شەش هەزار جوتیار کار دەکات بۆ هەر وەرزێک
نزیکەى 600 کارمەند و کرێکار لەو کارگەیەدا کار دەکەن
هەلیکار بۆ زیاتر لە دوو هەزار خێزانى دیکە دەڕەخسێنێت
رۆژانە نزیکەى 700 تۆن شەکرى سپى بەرهەم دەهێنێت
چەندین بەرهەمى تر لە پاشماوەى چەوەندەر لەوانە ( ئالیکى ئاژەڵ و تیتۆڵ و پێکهاتەى زەڵاتە).
بودجەى تەرخانکراوى پڕۆژەکە 71 ملیۆن دۆلارە لەسەر رووبەرى 100 دۆنم زەوى، ماوەى پڕۆژەکە دوو ساڵە، بەڵام وا ساڵێک بەسەر وادەکەیدا تێپەڕیوە دارى نەخراوەتە سەر بەرد.
دووەم: نەخۆشخانەى 291 قەرەوێڵەیى رانیە
یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانى سنورەکە، لە رۆژی 1.5.2012، بەردى بناغەى پڕۆژەکە دانراوە گوژمەى تەرخانکراوى پڕۆژەکە 107 ملیار دینارە.
لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەیە، 964 دەزانێت، 90%ـى پڕۆژەکە تەواو بووە، پەنجەرە و سپلێت و کارەباى بۆ بەستراوە، بەڵام هیچ پێداویستییەکى پزیشکى بۆ جێبەجێ نەکراوە، لە ساڵى 2015ـەوە پڕۆژەکە جێهێڵراوە و ئێستا بەشێکى زۆرى بیناکە بەرەو کەلاوەبوون دەچێت و بووەتە ماڵى باڵندە و خشۆکەکان و کەلوپەلەکانیشى بەرەو لەناوچوون دەچن.
سێیەم: پڕۆژەى ئاوى دەربەندی رانیە
لە ساڵى 2005ـەوە 30 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخانکراوە و دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، بەڵام پڕۆژەکە شکستى هێناوە و بە تەواو نەکراوى جێهێڵراوە.
چوارەم: پڕۆژەى پردى دەربەندى رانیە- بنگرد
ئەم پرۆژەیە یەکێکە لەپرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کەلەسەر زێی بچوک دروستدەکرێت و ئیدارەی راپەڕین بەپارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، درێژییەکەی 420 مەترە و بڕی 11ملیار و 387 ملیۆن و 745هەزار و 800دیناری بۆتەرخانکراوە.
رۆژى 13.10.2020 دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، هەرچەندە لەئێستادا 98%ى کارەکانى تەوا بووە، دەبوو تائێستا تەواو بکرایە، بەڵام تائێستا نەکراوەتەوە ئیشکردن تێیدا بەردەوامە.
پێنجەم: یەکەى نیشتەجێبوونى کەمدەرامەتان
لە سنورى ئیدارەى راپەڕین، 20 بیناى کە 240یەکەى نیشتەجێبوونە و ساڵانێکە بیناکانى دروستکراوە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەدایە و بۆ کەمدەرامەتان دروستکراوە، بەڵام وا خەریکە بەرەو کەلاوەبوون دەچن و تائێستا تەواو نەکراون.
بەم شێوەیە:
رانیە، 8 بینا کە پێکهاتووە لە 96 یەکەى نیشتجێبون.
قەڵادزێ، 4 بینا کە پێکهاتووە لە 48 یەکەى نیشتەجێبون
سەنگەسەر، 4 بینا کە پێکهاتووە لە 48 یەکەى نیشتەجێبون
چوارقوڕنە، 4 بینا کە پێکهاتووە لە 48 یەکەى نیشتەجێبون
شەشەم: پڕۆژەى جووتسایدى ژاراوە- دەربەند
پرۆژەی دوو سایدی ژاراوە- توەسواران، لەساڵی 2013 نزیکە 15 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، لە ئێستادا پڕۆژەکە خراوەتە بەرنامەى بانکى نێودەوڵەتى بۆ ئەوەى مینحەیەکى بۆ خەرج بکرێت، 964 دەزانێت پڕۆژەکە نزیکەى 50 ملیار دینارى پێویستە، بەڵام حکومەت چاوەڕێى بانکى نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەى پارەیان بۆ خەرج بکات و پڕۆژەکەى پێ تەواو بکەن.
ژمارەیەک لەو پڕۆژانەى دیکە کە تەواو نەکراون و بە نیوە ناچڵى ماونەتەوە یان دەست بە جیبەجێکردنیان نەکراوە:
_پڕۆژەى دوسایدى ناوبازاڕى قەڵادزێ، ئیشکردن تێیدا وەستاوە.
_پڕۆژەى جوتسایدى ناوبازاڕى رانیە، دەست بە ئیشکردن نەکراوە.
_پردى دەروازەى قەڵادزێ، بە نیوەناچڵى جێهێڵدراوە.
_سەنتەرى شێرپەنجەى مەمک لە رانیە، تەواو.
_پارکى سەرنێڵ لە قەڵادزی، بەنیوە ناچڵى جێماوە.
_پارکى مۆنیۆمێنتى قەڵادزێ.
_بیناى ماڵى لاوان لە قەڵادزێ.
_بیناى ماڵى کەلەپورى لە قەڵادزێ.
_پڕۆژەى گەشتیارى گرد ئەستێرە لە ژاراوە، ئیشى تێدا ناکرێت.
_بیناى تاپۆى رانیە و چەندین پڕۆژەى دیکەى رێگاوبان و قوتابخانە.
ئیدارەی راپەڕین لە رووی جوگرافیەوە دەکەوێتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی ھەرێمی کوردستان، لە بواری کارگێڕی و ئیداریەوە، ئیدارەی راپەڕین پێکدێت لە هەریەکە لە قەزای رانیە و قەزاى پشدەر و قەزاى حاجیاوا، لەگەڵ هەشت ناحیە کە ئەمانەن (چوارقوڕنە، ژاراوە، سەنگەسەر، هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە، سەرکەپکان، سەروچاوە)، ئەوە جگە لە بونى 600 گوند کە بە کۆى گشتى ژمارەى دانیشتوانى ئیدارەکە زیاترە لە 400 هەزار کەس.